نەوا-
لە رێوڕەسمی یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگەدا، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ رۆژێكی گرنگە بۆ گەلەكەمان و پێشمەرگە، چونكە ئاواتی شەهیدان و خەباتی رێگای رزگاركردنی نیشتمان دەبێتە واقیعێكی جێگیر و دامەزراو.
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بە شانازییەكی زۆرەوە بە هەموو جیهان و گەلی كوردستان و كەسوكاری شەهیدان رایدەگەیەنین، كە پرۆسەی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لەژێر چەتری نیشتمانی و سەركردایەتی وەزارەتی پێشمەرگە بە سەركەوتوویی و بە شێوازێكی سەردەمیانە كۆتایی هاتووە.
شۆرش ئیسماعیل، پیرۆزبایی لە جەماوەری كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان كرد و جەختیكردەوە كە سوپای یەكگرتووی نیشتمان، پارێزەری خەڵك و خاكی كوردستانە، وتیشی، سەرخستنی ئەم پرۆسەیە بەرئەنجامی ئیرادەیەكی نیشتمانی و نەخشەڕێگایەكی وردی ئەكادیمی بووە كە لە رۆژی یەكەمی دەستبەكاربوونییەوە بۆ چاكسازیی هێزی پێشمەرگە كاری لەسەر كراوە.
وەزیری پێشمەرگە روونیشیكردەوە، پێشمەرگە سەرمایەی نەتەوەیی تەواوی خەڵكی كوردستانە و پێویستە ئەم سەرمایەیە لەناو سوپای یەكگرتوودا رەنگبداتەوە، تاكو هەمیشە وەك هێزێكی پۆڵاین بۆ پاراستنی خەڵكی كوردستان بمێنێتەوە.
سەبارەت بە ئاستەنگەكان، شۆڕش ئیسماعیل باسی لەوەكرد، رێگای یەكخستنی هێزەكان پڕ بووە لە سەختی و ئاڵنگاری، لەوانە كێشە كەڵەكەبووەكانی ساڵانی رابردوو و ئاڵۆزییە سیاسی و ئەمنییەكان، كە رۆژانە لە مەیدانی كاركردندا رووبەڕوویان دەبوونەوە.
بە وتەی وەزیری پێشمەرگە، ئەوان وەك تیمێكی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە توانیویانە سەرجەم بەربەستەكان تێپەڕێنن و دەستكەوتێكی مەزن بۆ گەلی كوردستان تۆمار بكەن.
وەزیری پێشمەرگە جەختیكردەوە، وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام لە كۆبوونەوەدا بووە، چ لە ناوخۆی وەزارەت و چ لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان، بۆ ئەوەی بە هاوكاری و هەماهەنگی پرۆسەی رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە سەركەوتوو ببێت.