نەوا-
دەستەی دەستپاكی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردوەتەوە، دادگای تاوانەكانی دژەگەندەڵی بڕیاری حەوت ساڵ زیندانی بەسەر پەرلەمانتاری عیراق محەمەد فەرمان شاهیر جبوری دەركردوەو پابەندیش كراوە بەگەڕاندنەوەو پێبژاردنی زیاتر لە 28 ملیار دینار.
لە راگەیەنراوەكەدا رونیشكراوەتەوە، دادگا دوو سزای بەسەر ئەو پەرلەمانتارەدا سەپاندوە سزای یەكەم 7 ساڵ زیندانییە بەتۆمەتی بەدەستهێنانی دارایی بەشێوەیەكی نایاسایی و سزای دوەمیش 3 ساڵە بەتۆمەتی شاردنەوەی دارایی، بەپێی یاساو بڕیاری دادگاش تەنها سزا قورسەكەیان كە 7 ساڵ زیندانیكردنە جێبەجێ دەكرێت.
ئاماژەشیكردوە، كۆی گشتیی ئەو بڕە پارەیەی كە پێویستە ئەو پەرلەمانتارە بیگەڕێنێتەوە بۆ گەنجینەی گشتی دەگاتە 28 ملیارو 157 ملیۆن دینار هاوكات دەست بەسەر تەواوی موڵك و سامانەكەشیدا دەگیرێت.