شارەزایەكی ئابوری پێشبینی بەرزبوونوەی داهاتی نەوتی عێراق دەكات

1 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
د. نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری ڕایگەیاند، خەمڵاندنە سەرەتاییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە تێكڕای هەناردەی نەوتی عێراق بەرزبووەتەوە بۆ دوو ملیۆن و 650 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا، لەو بڕەش دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلی لە ڕێگەی دەریا و گەرووی هورمزەوە بووە، هەروەها نزیكەی 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە بەرەو بەندەری جەیهانی توركی هەناردە كراوە.
باسی لەوەشكردوە، ئەو بڕەی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە كراوە، نزیكەی 140 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان و 40 هەزار بەرمیلی لە كێڵگەكانی كەركوكەوە بووە، ئەمە سەرەڕای ناردنی 70 بۆ 100 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە نەوتی بەسرەوە بۆ كەركوك بە مەبەستی هەناردەكردنی لە ڕێگەی بەندەرە توركییەكەوە.
بەپێی پێشبینییەكانی ئەو شارەزایی ئابورییە، چاوەڕوان دەكرێت داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی ئەیلولدا بگاتە نزیكەی پێنج ملیار دۆلار، كە دەكاتە نزیكەی 6.5 ترلیۆن دینار، پاش دەركردنی تێچووی كۆمپانیا بیانییەكانیش، پوختەی داهاتەكە دادەبەزێت بۆ 5.5 ترلیۆن دینار. 
نەبیل مەرسوومی، پێی وایە ئەمە بەرزترین ئاستی داهاتە لە دوای داخستنی گەرووی هورمزەوە، بە جۆرێك داهاتەكەی مانگی ئەیلول دەتوانێت سەدا 71ی مووچەی مانگانە دابین بكات، لە كاتێكدا لە مانگی ئابدا ئەو ڕێژەیە سەدا 65 بووە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group