نەوا-
سەرۆكوەزیرانی عیراق ئەمرۆ 1ـی تشرینی یەكەمی بە دەستپێكی قۆناخێكی جیددییە بۆ چارەسەركردنی پرسی چەكی دەرەوەی كۆنترۆڵی دەوڵەت.
عەلی زەیدی لە راگەیەندراوەكەیدا، پیرۆزبایی لە گەلی عێراق كرد بە بۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و كشانەوەی تەواوەتیی هێزەكانیان بە وشكانی، ئاسمانی و دەریایی، كە بە دەستكەوتێكی نیشتمانی و سەروەریی تەواوی عێراق ناوزەندی كرد.
سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەو لایەنانە كرد كە لەو قۆناخەدا لە پاڵ هێزە چەكدارەكاندا دژی داعش وەستانەوە و لە قۆناخە سەختەكاندا رۆڵی خۆیان بینیوە.
عەلی زەیدی وتیشی، 1ـی تشرینی یەكەمی 2026 سەرەتایەكی جیددییە بۆ كۆنترۆڵكردنی چەكی دەرەوەی دەوڵەت و پابەندبوون بە وادە دەستوورییەكان بەپێی نەخشەرێگەیەكی روون، كە لە 30ـی حوزەیرانی 2027 تێپەڕ ناكات.
ئاماژەی بەوەشدا، حكوومەت بەپێی دەستوور كار دەكات بۆ لێسەندنەوەی چەك لە سەرجەم ئەو گرووپە چەكدارانەی كە عێراقی نین و لەسەر خاكی عێراق بوونیان هەیە، ئەوەش بۆ پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و كۆنترۆڵكردنی سنوورەكانە.
زەیدی جەختیكردەوە، حكوومەتی عێراق رێگە نادات خاكی وڵاتەكەی بۆ هیچ كارێك بەكاربهێنرێت كە هەڕەشە بێت بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ و رەتیدەكاتەوە خاكی وڵاتانی دیكە بۆ هێرشكردنە سەر عێراق بەكاربهێنرێت. حكوومەت پشتیوانیی دامەزراوە ئەمنییەكان دەكات بە كڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و رێكخستنی یاسای حەشدی شەعبی وەك بەشێكی دانەبڕاو لە سیستەمی ئەمنیی وڵات، كە لە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكاندا دەبێت.
عەلی زەیدی دووپاتیكردەوە، عێراق قۆناخێكی درێژی جەنگ و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری تێپەڕاندووە و ئێستا روو لە قۆناخێكی نوێ دەكات بۆ بەهێزكردنی سەروەریی نیشتمانی، سەقامگیری، گەشەپێدانی بەردەوام، باشتركردنی گوزەرانی هاووڵاتییان و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان.
لە كۆتاییدا زەیدی ئاشكراشیكرد، 1ـی تشرینی یەكەم نیشانەی دەستپێكی قۆناخێكی نوێی عێراقە، كە دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی تەواوە و بە دامەزراوەكانی بەهێزە و پەیوەندییەكی هاوسەنگ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و رێزگرتن لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا دادەمەزرێنێت.