ئاڵا تاڵەبانی: بۆ كۆنترۆڵكردنی بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمەوە قسە لەگەڵ توركیا كراوە

3 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
ئاڵا تاڵەبانی ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ژنان لە میانی چاوپێكەوتنێكدا ڕایگەیاند، بەداخەوە نەوت بە قاچاخ بۆ توركیا دەبرێت، لایەن هەیە لە هەرێمی كوردستان رەتیدەكاتەوە كە نەوت بەقاچاخ ببرێت.
باسی لەوەشكرد، عەلی زەیدی بۆ هەماهەنگی لەو بارەیەوە قسەی لەگەڵ توركیادا كردووە بەڵگەو راپۆرت هەیە بە ژمارە و وێنەو بڕ لەبارەی ئەو نەوتەی دەچێتە دەرەوە، خەڵك ناتوانێت قسەبكات بەهۆی نەبوونی ئۆپۆزسیۆنەوە لە كوردستان و بەرپرسیارێتی سەرۆك وەزیرانە ئەوە چارەسەر بكات.
هەوەها، ئاڵا تاڵەبانی بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆش ڕەخنەی لە ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان گرت سەبارەت بەوەی عێراق بەبێ ئاگاداری كوردستان ڕێككەوتنی لەگەڵ یەبەشەدا كردووە و ڕایگەیاند، عەلی زەیدی هیچ كێشەیەكی سیاسی نییە لەگەڵ هیچ حزبێكداو رێزی زۆری هەرێمی كوردستانیش دەگرێت، دەبێت یارمەتی بدەن لە كۆكردنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەتدا، نابێت ئەو بچێت كار لەسەر شنگال بكات و ئێوە دژی بوەستن.
وتیشی، دەبێت هاوكاری سەرۆك وەزیران بكەن بۆ چارەسەركردنی دۆسیەی نەوت و كۆنتڕۆڵكردنی سنوورەكان و رێگریكردن لە بەقاچاخبردنی نەوت، چونكە لە كۆتایدا داهاتەكەی دەچێتە خەزێنەی دەوڵەت و دەدرێت بە مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی كوردستان.
ئاشكراشی كرد، پلانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوەیە بە قاچاخبردنی نەوت كۆنتڕۆڵ بكات، دەبێت لەم پرسە هەرێمی كوردستان هاوكاری بكات و ئەو كۆمپانیای بیانیانەی وردبینی لە هەناردەی نەوتی عێراق دەكەن دەبێت مافی ئەوەیان هەبێت بچنە هەرێمی كوردستان وردبینی لە بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بكەن، دەبێت بزانرێت هەرێمی كوردستان چەند بەرهەم دەهێنێت و چەند هەناردە دەكات.
ئاڵا تاڵەبانی ئەوەشی خستەروو، شاراوە نییە كە زۆربەی ئەو كۆمپانیایانەی نەوت لە هەرێمی كوردستاندا بەرهەمدەهێنن سەر بە لایەنی سیاسین و لە ناویشیاندا كەسانی دیاریكراوی ناو ئەو لایەنە سیاسییەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group