نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە شەپۆلێكی بارانبارین روو لە بەشێك لە ناوچەكانی هەرێم دەكات، بەڵام كاریگەریی شەپۆلەكە بەراورد بە سەرەتای دەستپێكردنی لاوازتر بووەتەوە.
باسی لەوەشكرد، ئاسمانی ئەمڕۆ لە نێوان پەڵەهەور و نیمچەهەوردا دەبێت و پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لە دوانیوەڕۆوە بارانبارین لە ناوچەكانی باكووری هەرێم و پارێزگای دهۆك دەستپێدەكات، سۆران، راپەڕین و بەشێك لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەگرێتەوە، هەروەها لە هەولێر و دەوروبەری ئەگەری بارینی نمەبارانێكی كەم هەیە و لە شەودا كاریگەریی بارانەكە لاواز دەبێت.
سەبارەت بە كەشوهەوای سبەینێ هەینی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێم ئاشكرایكرد، سبەینێ ئاسمان لە نێوان نیمچەهەور و هەوری تەواودا دەبێت، بارانبارین لە سنووری دهۆك و زاخۆ دەستپێدەكاتەوە و درێژدەبێتەوە بۆ سۆران، راپەڕین، سلێمانی و هەڵەبجە، لە ناوچەكانی باكووری هەرێم بە شێوەی تاوەباران و هەورەبروسكە دەبێت، بەڵام لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری هەرێم ئەگەری بارانبارین كەمتر دەبێتەوە، پلەكانی گەرماش نزیك دەبنەوە لە تۆمارەكانی ئەمڕۆ.