شەش گەنجی دیكەی دەڤەری راپەڕین لە لیبیاوە گەرێندرانەوە هەرێمی كوردستان
1 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بۆ بەدەنگەوەهاتنی كەیسی كۆچبەران، شەش گەنجی دیكەی دانیشتوی دەڤەری راپەڕین دوای رزگاركردنیان لە لیبیا، بەسەلامەتی و بە یاوەریی نوێنەری فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە گەڕێندرانەوە هەرێمی كوردستان.
باس لەوەشكراوە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات، لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە راسپێردرابوون تا رێكاری بەپەلە بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانە بگرنە بەر، كە پێشتر هەواڵی بێسەروشوێنبوونیان بڵاوكرابوەوە.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان ئەوەشی ئاشكراكرد، 14گەنجی دیكەی هەمان ناوچە لە زیندانەكانی لیبیادا دۆزراونەتەوە و رێكارە كارگێڕییەكانی ئازادكردن و گەڕاندنەوەیان دەستی پێكردووە تا لە چەند رۆژی داهاتودا بگەڕێندرێنەوە نیشتمان و هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی چارەنوسی 10 گەنجی ونبوی راپەڕین بەردەوامن.
ناوەندەكە ئەوەشی روونكردەوە، ئاستی كۆچكردن لە چەند مانگی ڕابردوودا بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە، بەجۆرێك بەكارهێنانی ڕێگەی لیبیا بۆ كۆچكردن بە رێژەی 87٪ كەمی كردووە و هەوڵەكانی حكومەتیش لەم بارەیەوە بەردەوام دەبن.