حەیدەر عەبودی: دەنگۆی قەرزكردنی 16 تریلیۆن دینار ناڕاستە

5 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
حەیدەر عەبودی وتەبێژی حكومەتی عێراق لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی باس لە هەوڵی عێراق دەكەن بۆ قەرزكردنی 16 تریلیۆن دینار لە وڵاتانی سعودیە، كوێت، چین، ئەڵمانیا و فەرەنسا بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە دوورن لە راستییەوە، بەهۆی بەرزیی ئاستی هەناردەكردنی نەوتەوە لە ئێستادا هیچ پێویستییەك بە قەرزێكی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە.
ئاماژەی بەوەش كرد، بەغدا سیاسەتێكی ئابووریی وەهای پەیڕەو كردووە كە لەسەر بنەمای بەكارهێنانی ورد و وەبەرهێنانی داهاتە بەردەستەكانی عێراق دامەزراوە، بە جۆرێك بتوانرێت پاڵپشتی لە خەرجییە گشتییەكان بكرێت و تەواوی پێداویستییە داراییەكانی دەوڵەت دابین بكرێن.
حەیدەر عەبودی روونیشیكردەوە، بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەی نەوت رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە زیادكردنی داهاتە گشتییەكاندا، جەختیشی كردەوە كە حكومەت بەردەوام دەبێت لەسەر جێبەجێكردنی ئەم سیاسەتە ئابوورییە بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیریی دارایی و دابینكردنی خەرجییەكان بەبێ پەنابردن بۆ وەرگرتنی قەرزی دەرەكی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group