دادگای فیدراڵی: سنوری جوگرافی دەسەڵاتەكانی هەرێم تاپێش 19/3/2003ـەیە

7 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
دادگای باڵای فیدراڵی عیراق لە بڕیارێكدا لێكدانەوەی بۆ ژمارەیەك مادەی دەستور كردو رایگەیاندوە، پاراستنی سنورەكان و بەرگریكردن لەسنورە نێودەوڵەتییەكانی عیراق لە دەسەڵاتە تایبەتمەندەكانی حكومەتی فیدراڵییە، حكومەتی عیراق مافی هەیە هێزە چەكدارە فیدراڵییەكان بڵاوبكاتەوەو رێكاری پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی تەواوی سنورەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەو سنورانەشەوە كە دەكەونە ناو ئەو خاكەی لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوەدەبرێت.
ئاماژەشیكردوە، دەروازە سنورییەكان دەسەڵاتە فیدراڵییەكان مافی سەرپەرشتیكردن، چاودێری و كۆنترۆڵكردنی سەرجەم دەروازەكانی عیراقیان هەیە، بە دەروازەكانی هەرێمی كوردستانیشەوە، هەروەها بەڕێوەبردنی نەوت و گازی دەرهێنراو لەلایەن حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانەوە دەبێت، بەڵام وەزارەتی نەوتی عیراق و دەستە چاودێرییە فیدراڵییەكان مافی سەرپەرشتیكردن، چاودێری و وردبینییان هەیە لەسەر كێڵگە، پرۆسەو گرێبەستەكانی بەرهەمهێنان، دەرهێنان، بەبازاڕكردن و هەناردەكردنی نەوت و گاز.
دادگای فیدراڵی ئاماژەشیكردوە، سنوری جوگرافی دەسەڵاتەكانی هەرێم بەیاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دەستور ئەو ناوچانە دەگرێتەوە كە تاوەكو رۆژی 19ی ئاداری 2003 لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوەدەبران، ناتوانێت درێژ ببێتەوە بۆ دەرەوەی ئەو سنورە بە لەبەرچاوگرتنی بڕگە دەستورییەكانی مادەی 140.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group