كەركوك... ژنێك بە تۆمەتی كوشتنی هاوسەرەكەی دەستگیر دەكرێت

14/08/2019

نەوا
ژنێكی تەمەن 20 ساڵ لەشاری كەركوك، بەتۆمەتی بەشداریكردن لەكوشتنی هاوسەرەكەیی و برینداركردنی منداڵەكەی دەستگیردەكرێت.
بەپێی زانیارییەكانی پۆلیسی كەركوك، ئەو ژنە بە رێككەوتن لەگەڵ بەڵێندەرێك بە ئەنجامدانی ئەو روداوە هەستاون.
پێنجشەممەی رابردوو 8ی ئاب، پیاوێك لە گەڕەكی نەسر و لە ماڵەكەی خۆی بە دوو گوللەی دەمانچە دەكوژرێت و كچە تەمەن ساڵ و نیوەكەشی برینداردەبێت، هەمان رۆژ پۆلیس هاوژینی ئەو پیاوە دەستگیر دەكات.
سەرچاوەیەكی ئەمنیی و ئاگادار لە لێكۆڵینەوەكان لەبەر هەستیاریی بابەتەكە نەیویستووە ناوی بڵاوبكرێتەوەو لەوبارەیەوە بە ماڵپەری كەركوك ناوی وتووە "ئەو ژنە دوای دەستگیركردنی دانی بەوەداناوە بە رێككەوتن لەگەڵ دۆستێكی هەستاوە بە كوشتنی هاوسەرەكەی".
سەرچاوەكە راشیگەیاندووە "دۆستەكەی بەڵێندەرە و هاوپیشەی هاوسەرەكەیەتی، ئێوارەی پێنجشەممە بە دەمانچە سێ فیشەكی تەقاندووە و دوانی بەر هاوسەری ژنەكە دەكەوێت و دەستبەجێ گیانلەدەستدەدات، دانەیەكی تریش بەر منداڵەكە دەكەوێت، دوای روداوەكە، بەڵێندەرەكە هەڵدێت و ژنەكەش منداڵەكەی بۆ نەخۆشخانە دەبات و بە پزیشكەكان دەڵێت بە شوشەی پەنجەرە برینداربووە".
سەرچاوەكە وتیشی "پزیشكەكان دەڵێن ئەمە شوێنی گوللەیە نەك شوشە، لەوەوە گومان لە روداوەكە دەكەن، بەشی ئەمنی نەخۆشخانە ئاگاداردەكەنەوەو ئاشكرادەبێت".
ژنەكە هەر ئەوكات و لە نەخۆشخانەكە وتویەتی "تەرمی هاوسەرەكەم لەماڵەوەیە".
بەپێی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس و دانپێدانانەكان، دەمانچەكە هی بەڵێندەرەكە بووەو هەر ئەویش تەقەكانی كردووە، بەڵام ژنەكە وتویەتی "بە رێككەوتن لەگەڵ دۆستەكەی بەوكارە هەستاون".
دۆسییەكە لەئێستادا رەوانەی دادگای كەركوك كراوەو دادوەر بڕیاری دەستیگركردنی ژنەكە و بەڵێندەرەكەی دەركردووە، بەڵام بەڵێندەرەكە هێشتا دەستگیرنەكراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group