عەمید یەحیا رەسوڵ: دۆخی ئەمنی پارێزگای نەینەوا لەژێر كۆنتڕۆڵدایە

پێش 4 هەفتە عێراق
عەمید یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق

نەوا
عەمید یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، دوو ئۆپەراسیۆنیان دژبە شانە نوستووەكانی داعش لە سنووری مووسڵ ئەنجامداوە ئۆپەراسیۆنەكانیش ئامانجی خۆیان پێكاوە.
لە لێدوانێكدا عەمید یەحیا رەسوڵ باسی لەوەكردووە: "دۆخی ئەمنی پارێزگای نەینەوا لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزە ئەمنییەكانی عێراقدایە و لە سایەی بوونی هێزەكانمان رەوشی ئەمنی جێگیرە و بەردەوام لە چاودێریكردنی جموجۆلەكانی شانە نوستووەكانی داعشین و رێگە نادەین زیان بە خەڵكی سڤیلی سنوورەكە بگەیەنن".
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، باسی لەوەشكرد: "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەردەستی ئێمەدایە وەك فەرماندەیی هاوبەشی عێراق، شانەی نوستووی داعش لە باشووری مووسڵ و هەروەها لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان عێراق و سووریا هەیە و بە شێوەی گرووپی پێنج كەسی چالاكی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن و پشێوی دەنێنەوە ئەمەیشیان بۆ بانگەشە و راگەیاندنەكانیانە لە راستیتدا توانای هێرشكردنییان نییە".
عەمید یەحیا رەسوڵ ئاماژەی بەوەیشدا كە لە رۆژانی رابردوودا دوو ئۆپەراسیۆنیان دژبە شانە نوستووەكانی داعش ئەنجامداوە و وتی: "رۆژی یەكشەممە ئۆپەراسیۆنێكمان لە ناوچەی شۆرەی سنووری پارێزگای نەینەوا دژبە شانە نوستووەكانی داعش ئەنجامداوە و رۆژ شەممەش ئۆپەراسیۆنەكەمان لە سنووری حەمام عەلیل بوو و دەستمان بەسەر كەلوپەلی داعش گرت و چەند شانەیەكی نوستووی داعشمان دەستگیركردن". 

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group