تەڤگەری ئازادی: فشاری دەرەكیی ڕێگرە لە ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا

11/09/2019

نەوا
تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان پێیوایە، هەرێمی كوردستان لەڕووی سیاسیی، ئابووریی و كۆمەڵایەتییەوە بەرەو هەڵدێر دەڕوات و شكستی زیاتر ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئەوەش دەخاتەڕوو، كە فشاری دەرەكیی ڕێگرە لە ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، ڕووناك مەجید، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان بەیاننامەیەكی حزبەكەیانی خوێندەوە، كە تێیدا هاتبوو: گریمانە دەكرێت ئەم هەرێمە لەڕووی سیاسیی، ئابووریی و كۆمەڵایەتی بەرەو هەڵدێر بڕوات و شكستی زیاتر ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان ببێتەوە.
تەڤگەری ئازادیی ئاماژەی بە دۆخی ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی كوردستانیش كردووە و دەڵێت: هەر لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نوێدا، گرتن و ئەشكەنجەدانی كەسایەتیی سیاسیی و چالاكوان و ڕاگەیاندنكاران دەستیپێكردووە و لە بارودۆخێكی زۆر خراپدان، ئەمەش مەترسیی زیاتر لەسەر كەشی دیموكراسیی لەم هەرێمەدا دروستدەكات.
تەڤگەری ئازادیی پێیوایە، كە بەغدا و هەرێم جددیی نین لە دانووستانەكانیان، ئەوەش دەخاتەڕوو: فشاری هێزە دەرەكییەكانیش بووەتە ڕێگر لەبەردەم ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا، ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوامبێت، ڕەنگە ساڵی 2020 بەغدا مووچە بۆ هەرێم نەنێرێت.
سەبارەت بە دەنگۆی دروستكردنی ئەنجومەنی سیاسیش بۆ حزبەكانی هەرێمی كوردستان، تەڤگەری ئازادیی دروستكردنی وەها ئەنجومەنێك بە "مەترسییەكی گەورە" دەزانێت و بۆ لەناوبردن و بێ ڕۆڵكردنی دامودەزگا فەرمییەكانی ئەم هەرێم ناویدەبات، بەوەی كە دەبێت سەرجەم بڕیارەكان لەلایەن پەرلەمان و دامودەزگاكانی وڵاتەوە یەكلایی بكرێتەوە، چونكە بە ئەنجامدانی كارێكی وەها، زیاتر دەستێوەردانی حزبیی و شەخستیی پەرەدەستێنێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group