سەرۆكی حكومەتی هەرێم: ئاڵۆزبوونی دۆخی باكوری سوریا دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران كەس

09/10/2019

نەوا
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكدا پشتگیری بۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەربڕی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، هەروەها ئاڵۆزتربوونی دۆخی باكووری رۆژهەڵاتی سووریای تاوتوێ كرد و رایگەیاند، دەرئەنجامە نەرێنییەكانی تەنیا لە چوارچێوەی سنووری سووریادا نامێنێتەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كۆبووەوە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران تیشكی خستە سەر گۆڕانكاری و پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی عێراق و سووریا، لەبارەی خۆپێشاندانەكانی عێراقیشەوە جەختی لەوە كردەوە كە لە كاتێكدا پشتگیری لە داوا رەوا و یاساییەكانی خۆپێشاندەران دەكەن، كە بە شێوازێكی ئاشتیانە و مەدەنیانە پێشكەشی بكەن، لە هەمان كاتدا ئەنجوومەنی وەزیران پشتگیری بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق دەربڕی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
لەبارەی پەرەسەندنەكانی دۆخی سووریاشەوە، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا كە ئاڵۆزتربوونی دۆخی باكووری رۆژهەڵاتی سووریا كاریگەری و دەرئەنجامە نەرێنییەكانی تەنیا لە چوارچێوەی سنووری سووریادا نامێنێتەوە و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی بە هەزاران خەڵك و بەشێكی زۆریشیان پەنا بۆ هەرێمی كوردستان دەهێنن. بۆیە پێویستە كێشەكان بە رێگەی گفتوگۆ و ئاشتیانە چارەسەر بكرێن و بڕیاری تاكلایەنەی سەربازی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی ناوچەكەدا نییە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group