"هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگا، دانانی پارێزگاری كورد بۆ كەركووك پەك دەخات"

09/10/2019

نەوا
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بە وەكالەت دەڵێ، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، پڕۆسەی دانانی پارێزگارێكی كورد پەك دەخات.
رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بە وەكالەت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندوە: "داواكاریی خۆپیشاندەرانی عێراق بوو كە ئەنجومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانیش هەڵبوەشێنەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەداخەوە لەبری ئەوەی پەرلەمان چارەسەری كۆی كێشەكانی عێراق بكات، كە پەرلەمان پشكی شێری ئەو گەندەڵیانەی بەردەكەوێت، دەستی بۆ یاسای ژمارە 19ی ئەنجومەنی پارێزگاكان برد و ھەمواری كردەوە".
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "سڕكردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، بڕیارێكی ناتەندروستە، بە تایبەتی بۆ پارێزگایەكی وەكو كەركووك، كە بەپێی یاسای ژمارە 71ی بریمەر كاردەكات، نابێت كەركووك بگرێتەوە".
رێبوار تاڵەبانی دەڵێت: "ئەوەی سەددام حوسێن و رژێمەكەی بە 35 ساڵ نەیانكرد، پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك بە دوو ساڵ ئەو هەموو تەعریب و گۆڕانكارییە نادەستووری و نایاساییانەی ئەنجام داوە، ئینجا ئەنجومەنی پارێزگا نەمێنێ لە كەركووك، خوا دەزانێ چی دەكەن". رێبوار تاڵەبانی وتیشی: "بێگومان هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، كاریگەری لەسەر دانانی پارێزگاری نوێ بۆ كەركووك دەبێت، هەروەها دەبێتە بەشێك لەو رێگری و ئاستەنگانەی بۆ دانانی پارێزگاری كورد لە كەركووك هەیە و پڕۆسەكە لەبار دەبات، چونكە دانانی پارێزگار بە هەڵبژاردن دەبێت لەنێو ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group