مەسرور بارزانی: هەوڵێكی چڕمانداوە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و چاوەڕێین بگەینە ئەنجام

10/10/2019
نەوا
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، هەوڵێكی چڕیانداوە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و چاوەڕێن بگەنە ئەنجام. لەبارەی دۆخی رۆژئاوای كوردستانیش وتی: " لە سوریا رووداوی خێرا روودەدەن، لەو پێشهاتانەی لەوێ روودەدەن نیگەرانین و دژی هەموو توندوتیژییەكین".
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە رێوڕەسمی دەرچووانی زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا رایگەیاند، ، هەوڵێكی چڕیانداوە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵواسراوەكان و پێشكەوتنی زۆر لەو گفتوگۆیانەدا هاتوونەتە دەست و چاوەڕێن بگەنە ئەنجام و رێككەوتنی كۆتایی لەسەر گرفتەكان.
باسی لەوەشكرد، كە لە چەند رۆژی رابردوو، هەندێك نائارامی لە عیراق روویدا و وتی: "ئێمە پشتیوانی لە مافە رەواكانی هاووڵاتیان دەكەین، هاوكات پشتیوانی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی دەكەین لە دابینكردنی مافی هاووڵاتیان".
مەسرور بارزانی سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، لە سوریا رووداوی خێرا روودەدەن، لەو پێشهاتانەی لەوێ روودەدەن نیگەرانین و دژی هەموو توندوتیژییەكین، پێمانوایە تەنیا بە گفتوگۆ ئاشتی و سەقامگیری دێتەدی.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان روونیشیكردەوە، چارەسەری ئاشتییانە و دادپەروەرانە كە مافی هەموو پێكهاتەكان دەستەبەر بكات، تاكە رێگەیە بۆ هێنانەدی سەقامگیری بەردەوام لە ناوچەكە و هاوخەمیشی بۆ كەسوكاری قوربانییان و هاووڵاتیانی سڤیل دەربڕی و هیوای خوست بە زووترین كات ئەم شەڕە كۆتایی بێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group