"دوای ڕۆژئاوای كوردستان ئاراستەی دژایەتی بەرەو ڕووی باشووری كوردستانە"

20/10/2019
نەوا
وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەم نزیكانە دۆخی عێراق بەرەو شڵەژانێك دەچێت دەبێت كورد لە باشوور خۆی ئامادەبكات وەك پێكهاتەیەكی هەمیشە موستەهدەف لەكاتی ئەو گۆڕانكارییانەی بەدرێژایی مێژوو ڕوودەدەن لە عیراقدا، دەشڵێت،”دوای ڕۆژئاوای كوردستان ئاراستەی دژایەتی دەوڵەتانی دەوروبەر بەرەو ڕووی باشووری كوردستانە، بەهەستكردن بەم دۆخە پێشبینیكراوە، یەك ڕیزو یەكدەنگ نەبین دەبینە پەندی زەمانە”.
پێشەوا هەورامانی  وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی كوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوك لە نوسینێكدا ڕایگەیاندووە، چەندین پرسی ترسناك ئێستا لەمێشكی زۆرینەیەكی سیاسی عێراقی گەڵاڵە بووە، خراپترینیان داواكاری گۆڕینی دەستووری عیراق و سڕینەوەی مافەكانی كوردە تێیدا وەك هەرێمێكی فیدراڵی، كە ئەم دەنگانە پاش بینینی دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان زۆر بەرزبوونەتەوە لە گۆڕەپانی سیاسی عیراقی.
دەشڵێت،”دوای ڕۆژئاوای كوردستان ئاراستەی دژایەتی دەوڵەتانی دەوروبەر بەرەو ڕووی باشووری كوردستانە، ئەوان ئەوەی ویستیان لەوێ بۆیان چووەسەر، بە دیقەتدان لەمە بۆمان دەردەكەوێت ڕۆژئاوا بەتەنها ئامانج نییە و پەلاماردانی ڕۆژئاوا تاقیكردنەوەیەك بوو بۆ زانینی هەڵوێستی ئەمریكاو ئەو وڵاتانەی، كە بەحساب كورد هاوپەیمانیانە لەئەگەری دەست بردن بۆ كورد هەڵوێستیان چیدەبێت”.
ڕاشیگەیاندووە، بێدەنگ بوونی ئەوان لەبەرانبەر سوتاندن و كوشتنو بڕینی خەڵكی سڤیل و چاو پۆشی و خۆ گێلكردنیان لەبەرانبەر ئەوانەی شەڕیان دژی گەورەترین ڕێكخراوی تیرۆریستی جیهانیكرد لەبری جیهان، بوار دەداتە دەوڵەتانی دژی كیانی كوردی لەهەر شوێنێك پەل بۆ باشووریش بهاوێژن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group