نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغدا وەڵامی دەنگۆیەك لەبارەی بودجەی خەمڵینراوی هەرێم دەداتەوە

21/10/2019

نەوا-كاروان مەحمود 
بەرپرسی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا دەنگۆی رەتكردنەوەی راپۆرتی خەمڵاندنی بودجەی 2020ی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە بە ناڕاست ناودەبات و ئەوەش دەڵێت: "ئەگەر خۆپیشاندانەكانی بەغدا بەردەوام بێت سەردانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا ئەنجام نادرێت".
فارس عیسا بەرپرسی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە رادیۆ نەوای راگەیاند، بە فەرمی راپۆرتی خەمڵاندنی بودجەی 2020ی هەرێمی كوردستانمان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی حكومەتی عیراقمان كردووەو تائێستاش هیچ تێبینییەكیان لەوبارەیەوە نەبووە بەهۆی ئەوەی پرۆژە یاسای بودجەی عیراق ئامادە نەكراوەو هەندێك كاری تێدا ماوە تەواو بكرێت و دوای ئەوە كاری لەسەر بودجەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
راشیگەیاند، ئەوكاتەی بودجەی خەمڵینراوی ساڵی 2020ی هەرێمی كوردستان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی حكومەتی عیراق كراوە خودی وەزیری دارایی لەگەڵ شاندێكی وەزارەتەكە لە دەرەوەی وڵات بوون و بڕوناكەم پێداچوونەوەیان بۆ كردبێت، بۆ ئەوەش تائێستا هیچ تێبینی و سەرنجێك لەوبارەیەوە نەبووە.
سەبارەت بە وادەی سەردانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداو گفتوگۆكردن لەبارەی ئامادەكارییەكان بۆ بودجەی ساڵی 2020ی عیراق و پشكی هەرێمی كوردستان لەو بودجەیەدا، فارس عیسا بەرپرسی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بۆ نەوا وتی: "لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران هەرێم بڕیار دراوە دوو شاندی حكومەتی هەرێم بۆ پرسی بودجەو بابەتی ژمێریاری سەردانی بەغدا بكەن و هەردوو شاندەكەش پێكهێنراوان و حكومەتی عیراقیش ئاگادار كراوەتەوە بەڵام بەهۆی دۆخی عیراق و خۆپیشاندانەكان سەردانەكە دواخراوەو چونكە سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی دیكەی عیراق سەرقاڵی خۆپیشاندانەكانن و ئێستاش چاوەڕوانی وەڵامی ئەوان دەكرێت".
جەختی لەوەشكردەوە، ئەگەر خۆپیشاندانەكان كۆتایی هات و دۆخی عیراق ئاسایی ببێتەوە سەردانەكە ئەنجامدەدرێت بەڵام بەپێچەوانەوە لە ئەگەری بەردەوامی ناڕەزایەتییەكان سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ئەنجام نادرێت چونكە ئەوان سەرقاڵی خۆیانن و بیریان لای هەرێمی كوردستان نەماوە لە ئێستادا.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group