بایرن میونشن هەمان بەیاننامەی دورخستنەوەی ئەنچیلۆتی بۆ كۆڤاچ-یش بەكاردەهێنێت

04/11/2019 وەرزش

نەوا
یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەبێتە گاڵتەجاڕی كەناڵەكانی راگەیاندن و بەكارهێنانەوەی بەیاننامەی دورخستنەوەی كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری پێشو لە بەیاننامەی دورخستنەوەی نیكۆ كۆڤاچ وەك ئابڕوچونێك تەماشا دەكرێت.
رۆژنامەی "سپۆرت بێڵد"ی ئەڵمانی دەقی بەیاننامەی حەسەن ساڵح حەمیدیچ بەڕێوەبەری وەرزشی یانە باڤاریەكە بۆ دورخستنەوەی كۆڤاچ-ی هێناوە و بە بەیاننامەی دوو ساڵ لەمەوبەری كارل هاینز رۆمێنیگەی سەرۆكی جێبەجێكاری بەراورد كردوە، كە بۆ دورخستنەوەی كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ئەوكات دەریكردوە و دەركەوتوە دەقەكان وەك یەكن و بەكارهێنراوەتەوە.
لە هەردوو دەقەكەدا هاتوە "پێشبینی دەكەم تیپەكەمان (یاریزانەكانمان) پێشكەوتنی پۆزەتیڤ و ئیرادەی رەها بەخۆیەوەببینێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانمان لەم وەرزەدا". تەنها جیاوازی لە وشەی (تیپەكەمان) و (یاریزانەكانمان)دا كراوە، كە رۆمێنیگە ئەوەی یەكەمی بەكارهێناوە و حەمیدیچ وشەی دووەمی بەكارهێناوە.
هەروەها لە هەردوو بەیاننامەكەدا ئەم رستەیەش وەك خۆی دوبارە بۆتەوە "گفتوگۆی جدی و كراوە لەگەڵ كۆڤاچ (ئەنچیلۆتی) ئەنجامدراوە".
بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی تیپەكەیەوە لەم وەرزەدا، یانەی بایرن میونشن بڕیاری دا دەستبەرداری نیكۆ كۆڤاچ ببێت بەو ئومێدەی لە پلەی چوارەمی ریزبەندی بۆندزلیگا رزگاریان ببێت و لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاشدا پێگەی خۆی قایم بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group