ژمارەیەك پارێزەری كورد داوای راگرتنی كارەكانی هەمواری دەستوری عێراق دەكەن

08/11/2019

نەوا
ژمارەیەك پارێزەری هەرێمی كوردستان راگەیاندراوێكیان بۆ رای گشتیی عێراق لەبارەی شەرعیەتی هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق بڵاوكردەوە و تێیدا داوای راگرتنی كارەكانی هەمواركردنەوەی دەستووریان كردووە.
لە راگەیەنراوەكەدا كە واژۆی 20 پارێزەری لەسەرە داوای راگرتنی كارەكانی لیژنەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەمواركردنەوەی دەستور كراوە.
ئەو پارێزەرانە ئاماژەیان بەوە داوە كە ئەم لیژنەیەی بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور پێكهێنراوە، لە دۆخێكی نائاسایی پێكهێنراوە، چونكە دروستكردنی بەم شێوەیە، پێشێلكردنی دەستووری عێراقە و لەگەڵ ناوەڕۆكی مادەی 142دا ناگونجێ، ئەمەش لەبەر ئەوەی مادەكە دەڵێ پێویستە لە سەرەتای دەستپێكردنی خولی پەرلەمانی ئەو لیژنەیە دروست بكرێت، هەروەها كاتی بڕیاردانیش لە دروستكردنی لیژنەكە، كە ڕۆژی 28ی ئۆكتۆبەرە، لەگەڵ ناوەڕۆكی مادە دەستوورییەكە ناگونجێت.
راشیانگەیاندووە،  ئەندامانی لیژنەكەش تەنها لە یەك توێژ و پێكهاتەی سیاسین و نوێنەرانی چین و توێژەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لە خۆنەگرتووە.
پارێزەرەكان لە كۆتایی راگەیاندراوەكەشدا دووبارە داوای پاراستنی شەرعیەتیان كردووە بە راگرتنی كارەكانی ئەم لیژنەیەی پەرلەمان بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور پێكیهێناوە، چونكە پێیان وایە بە تەواوی پێشێلی دەستووری عێراقە.

 




شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group