وردەكاری رێكخستنەوەی كاری تاكسی راگەیەنرا

09/11/2019

نەوا
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تاكسی هەر پارێزگایەك لۆگۆی تایبەتی دەبێت و شۆفێرانی تاكسیش دەبێت بیسەلمێنن كە تاوانیان نەكردوە ئەوكاتە رێگەیان پێ دەدرێت كار بكەن.
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوەی هەرێم لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە، شۆفێری تاكسیەكان دەبێت بچنە بەڕەێوبەرایەتیەكانی هاتوچۆ فۆڕمی زانیاری وەربگرن، پاش پڕكردنەوەی بیبەنە ئاسایش ناوچەكەیان، دواتریش بچنە پۆلیسی بەڵگەی تاوان لەوێ كە سەلمێنرا شۆفێرەكە كێشەی نیە، ئێنجا رێگەی پێ دەدرێت كاری تاكسی بكات.
وەزیری گواستنەوە ئاشكرایشكرد، شۆفێری تاكسیەكان كارتی زانیاری تایبەتیان بۆ دروستدەكرێت، وێنەی شۆفێر و ژمارە مۆبایلەكەی و ژمارەی ئۆتۆمبیلەكەی لێ نوسراوە و لە كوشنی پشتەوەی ئۆتۆمبیلەكەش ئەو كارتە جێگیر دەكرێت.
ئانۆجەوهەر رونیشكردوە، لەدوای ئەو رێكارە ئیتر هیچ شۆفێرێك ناتوانێت ئۆتۆمبیلی كەسێكی تر بۆ كاری تاكسی بەكاربهێنێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەماوەی شەش مانگدا دەبێت پرۆژەكە جێبەجێبكرێت و دوای ئەو وادەیەش هەر شۆفێرێك كارتی زانیاری و لۆگۆی وەرنەگرتبو، لەلایەن تیمەكانی هاتوچۆوە ڕێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group