نه‌وا-كاروان مه‌حمود
جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، پرسی دیاریكردنی پارێزگاری كورد له كه‌ركوك له‌ده‌ستی كورد نه‌ماوه، ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "داعش له كه‌ركوك جموجوڵیان هه‌یه".
ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له كه‌ركوك به رادیۆ نه‌وای راگه‌یاند، پێم وانییه تازه پرسی دیاریكردنی پارێزگارێكی كورد له كه‌ركوك به‌كورد چاره‌سه‌ر بكرێت چونكه ئه‌و بابه‌ته تێپه‌ڕی، ده‌كرا پێشتر ئه‌گه‌ر كورد یه‌ك ده‌ست بوایه یاخود له‌ناوخۆیاندا رێكبوونایه ده‌یانتوانی پارێزگارێك بۆ كه‌ركوك دابنێن.
جه‌ختیشیكرده‌وه، ئه‌م بابه‌ته له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكیش هه‌ڵوه‌شایه‌وه هیچ بابه‌تێكی قانونی نییه بتوانین پشت ئه‌ستوربین پێی بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێك بۆ پارێزگار دیاری بكه‌ین.
وتیشی: "ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌یه چاوه‌ڕوانی گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره بكه‌ین یاخود رێككه‌وتنێكی سیاسی گه‌وره بێته پێشه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه ناتوانرێت پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك دابنرێت".
سه‌باره‌ت به مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر كه‌ركوك و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش، ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ رادیۆی نه‌وا وتی: "من پێم وایه داعش بیروباوه‌ڕه‌و ئاسان نییه له‌ناوچوونی و ئه‌مه وه‌كو فكره ده‌مێنێته‌وه ئیتر ئه‌وه نازانرێت چ گۆڕانكارییه‌ك له خۆیان ده‌كه‌ن، له ئێستاشدا جموجوڵیان هه‌یه له كه‌ركوك به‌ڵام به‌شێوازێكی دیكه‌یه".