سیستانی: پێویستە حكومەتی نوێی عێراق لە وادەی خۆیدا پێكبهێنرێت

06/12/2019 عێراق

نەوا
مەرجەعیەتی باڵای ئایینی شیعەكانی عێراق داوای كرد، لە وادەی دیاریكراوی دەستوریی دا كابینەی نوێی حكومەت دیاریبكرێت.
عەلی سیستانی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی شیعەكانی عێراق لە نوێترین پەیامیدا كە لە رێگەی نوێنەرەكەیەوە لە وتاری نوێژی هەینی بڵاویكردەوە، داوای كرد سەرۆك وەزیران و كابینەی نوێی حكومەتی عێراق لە وادەی دیاریكراوی دەستوری دا دیاری بكرێن.
راشیگەیاند، پێویستە رێگە بە دەستوەردانی دەرەكی نەدرێت لە یەكلایی كردنەوەی كابینەی نوێ، هەروەك بێ لایەن بوونی خۆیشی لەو پرسە راگەیاند.
سیستانی جارێكی تر رشتنی خوێنی خۆپیشاندەرانی سەركۆنە كرد و داواشی كرد، خۆپیشاندەران رێگە نەدەن كەسانی تێكدەر بخزێنە ناویانەوە و خۆپیشاندانە ئاشتیانەكانیان بۆ مەرامی تایبەتی و بۆ زیانپێگەیاندن بە مڵكوماڵی گشتی بقۆزنەوە.
هەفتەی رابردوو دوای پەیامی سیستانی كە لە وتاری نوێژی هەینیدا خوێنرایەوە عادل عەبدولمەهدی وازهێنانی لە پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران راگەیاند.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group