نهێنی رێگەگرتن لە پیربون لە گیاندارێكدا دۆزرایەوە

26/02/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
زانایانی زانكۆی ستانفۆردی ئینگلیزی نهێنی رێگریكردن لە پیربون "پیربونی جەستە" لە جۆرێكی ماسیدا دەدۆزنەوەو دەشڵێن، ئەوە دۆزینەوەیەكی نوێیە و لەداهاتودا كاریگەری دەبێت لەسەر ئاسەوارەكانی پیربون لە مرۆڤدا.
ئەو زانایانە ئاماژەیان بەوەداوە، ماسیەكە، كە جۆری "ماسی كیلی" پیرۆزەیی ئەفریقییە توانای ئەوەی هەیە گوشاربخاتەسەر گەشەكردنی خۆی ئەوەش لەداهاتودا رۆڵی گەورەی دەبێت لەسەر كاریگەرییەكانی پیربونی مرۆڤ.
رونیشكراوەتەوە، ئەو ماسیە لە پرۆسەیەكدا، كە پێی دەوترێت Diapause دەتوانێت گەشەكردنی خۆی رابگرێت لەو كاتەی ساوایە، ئەوەش وای لێدەكات باشتر لەگەڵ گوشارەكان و وەرزەكان و گۆڕانكاریە ژینگەییەكاندا خۆی بگونجێنێت.
بەپێی لێكۆڵینەوەكە، ماسی كیلی دەتوانێت چەندین مانگ گەشەی خۆی بوەستێنێت تەنانەت دەتوانێت چەندین ساڵیش ئەوە بكات، تەمەنی پێگەیشتوەكانیشی تەنها دەگاتە 4 بۆ 6 مانگ، ئەم دیاردەیەش لەو جۆرە ماسیەدا وەك وەڵامدانەوەیەكە بۆ گوشارەكان و گۆڕانكاریەكانی دەوروبەری، وەك وشكبونی ئەو شوێنەی تێیدا دەژی بەتایبەتی حەوزەكان، بەواتایەكی دیكە پرۆسەی Diapause رێگە بەو جۆرە ماسیە دەدات بە گەنجی بمێنێتەوە ئەوەش لە رێگەی خاوكردنەوەی پرۆسەی گەشەكردنی خانەو ئەندامەكانی، پرۆسەكەش لەرێگەی زیادكردنی بەرهەمهێنانی پرۆتینی جۆری CBX7 لە جەستەیدا ئەنجامدەدات، كە دەبێتەهۆی چالاككردنی ژمارەیەك لە كرۆمۆسۆمی بەرپرس لە ئەركەكانی ماسولەكەكان و پرۆسەكانی خۆراك بەشێوەیەك كە دەبێتەهۆی مانەوەی شانەكان و ماسولكەكان بۆ ماوەیەكی درێژتر.
ئەو زانایانە رونیشیانكردوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەو میكانیزمە پرۆگرامێكی بۆماوەییە، بەڵام تائێستا وەك مەتەڵێك وایە بۆ زانایان، هەروەها وەستاندنی گەشەكردن لەو ماسیەدا كاریگەری نییە لەسەر سوڕی تەمەنی ئەو ماسیە لەدوای پێگەیشتن و توانای خستنەوەی وەچە و قەبارەی لەكاتی گەیشتنە تەمەنی پێگەیشتن.
بەپێی وتەی زانایان، ئەگەر زانیاری زیاتر لەسەر پرۆسەكە دەستكەوێت، ئەوە لەداهاتودا كاریگەری دەبێت لەسەر میكانیزمی رێگەگرتن لە پیربونی جەستەی مرۆڤ. 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group