وه‌زیری ناوخۆ:536 هاوڵاتی له‌ ده‌روازه‌كانی عیراقه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان

26/02/2020

نه‌وا ـ سه‌عید عه‌بدولڵا ـ هه‌ولێر
وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، كە رێنماییەكان بەردەوامن بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و بەردەوامیش زانیارییەكان بڵاودەكەینەوە، وەزیری تەندروستیش وتی، 1734 هاوڵاتی لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە كوردستان.
ئەمڕۆ 26/2/2020 لە شاری هەولێر كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی بۆ وەزیری ناوخۆ و تەندروستی هەرێم بەڕێوەچوو.
سەرەتا ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان وتی: ئەمڕۆش هەرێمی كوردستان بە پاكی ماوەتەوە و تا ئیستا هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا نییە و ئاگاداری هاوڵاتیانی كردەوە كە حكومەتی هەرێم جدییە و گرنگی بە تەندروستی و ئاسایشی هاوڵاتیانی كوردستان دەدات.
وتیشی: روونكردنەوەیەك بۆ هاوڵاتیانی كوردستان دەدەین كە زۆر بە توندی و بە جدی كاری لەسە دەكەین و پێمان خۆشە هاوڵاتیانی كوردستان دڵنیا بكەینەوە، بە شەفافی كار لەسەر ئاسایشی خەڵك دەكەین و گرنگیان پێ دەدەین و  وەك حكومەتێكی خزمەتكار گرنگی بە هاوڵاتیان دەدەین و هەموو دامەزراوەكانی حكومەت تیمێكی پسپۆری تەندروستی ئاسایشی و تەندروستی ئامادەكراوە رۆژانە هاوڵاتیان ئاگاداری زانیارییەكان دەبن.
باسی لەوەشكرد، بۆ ئەوەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبین دەبێ ڕێوشوێنەكان بگرینەبەر و لە وڵاتانی دەوروبەری ئیمە هەیە، بۆیە دەبێ رێگری لە سەرهەڵدانی بكەین. ئاشكراشی كرد، بە پێی زانیاریەكانیان، 536 هاوڵاتی لە رێگەی سنوورەكانی عیراقەوە هاتوونە هەرێمی كوردستان. 
وتیشی، ناوی تەواوی هاوڵاتیان و ناوونیشانەكانمان لایە و داومانە بە یەكە كارگێڕییەكان و داواكراوە كە گرنگی بەو هاوڵاتیانە بدەن و داوا لە هاوڵاتیان دەكەین بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان و خۆشیان خۆیان بە تیمەكانی تەندروستی بناسێنن بۆ ئەوەی رێوشوێنیان بۆ بگرینەبەر.
باسی لەوەشكرد، نامانەوێ هیچ هەنگاوێكمان لە بیر بچێت، ئەوەی لە تواناماندایە لە رووی رێوشوێن و ڕێنماییەكان، ئەنجاممانداوە و هاوڵاتیان ئاگاداردەكەینەوە ئەوەی هەمانە هەمووی خۆپاراستنە.
هەروەها وتیشی: بۆ ئەوەی ئەو دڵەڕاوكێیە نەمێنێ بڕیارمانداوە رۆژانە زانیارییەكان بدرێت بە هاوڵاتیان، هەروەها بریاردراوە هەمووان ڕێنماییەكان جێبەجێ بكەن و دەسەڵات دراوەتە پارێزگارەكان تا هەماهەنگی بكەن.
لەبارەی كۆڕ و كۆبوونەوەكانیش وەزیری ناوخۆی هەرێم وتی: هەموو كۆڕ و سیمینار و بۆنەكان كۆتاییان دێت و دەبێ دوابخرێن بۆ كاتێكی دیكە. 
هەروەها لەسەر ئاستی پارێزگاكانیش دەسەڵاتدراوە تا گەشتەكانی گەشتیاری ڕابگیرێن و رێگە نادرێت بەكۆمەڵی هاوڵاتیانی عیراق  بێنە ناو هەرێمی كوردستان، ئەوەی پێویست نەبێ هاتووچۆ لە نێوان شارەكانی عیراق بەتایبەتی كەركووك و نەجەف نەكرێت و بۆ ناو هەرێمی كوردستانیش ئەگەر پێویست نەبێ هاتووچۆ نەكەن.
وەزیری ناوخۆ لەبارەی میدیاكانیشەوە داوای كرد كە راستییەكان بگوازرێنەوە و هەموو ڕۆژێكیش زانیاری لە ئێمەوە دەبیستن.
هەرلەبارەی پشووەكانیش رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ باسی لەوەكرد كە خەڵكێكی زۆر لە عیراق هاتوونەتەوە و لە ئیرانیش هاتوونەتەوە، ئەگەر یەكێك لەوانە نەخۆشبێ سەدان قوتابی و خوێندكار دەكەونە مەترسییەوە.
لەلایەن خۆشیەوە د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان وتی: ئەمرۆ پڕترین رۆژی چالاكییەكان بوو، لەژێر راسپاردەكانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران هەموو كارە پێویستەكان ئەنجام دراون.
وتیشی لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوو ژمارەی هاوڵاتیانی گەڕاوە لە ئێران گەیشتوەتە، 1734 هاوڵاتی لە 15 شوێن لە كەرنتینن و لە چاودێریدان و ژمارەی هۆڵەكان 12 شوێنی نەخۆشخانەی تایبەت، بە قەبارەی 170 قەروێڵەیە، و لە پلانی دووەمدا زیاتریش دەبێ، بەڵام تا ئێستا هیچ حاڵەتێك بە ڤایرۆسەكە تۆمارنەكراوە.. هەروەها 14 گەشتیار پشكنینی لێوەرگیراوە، كە 11یان پاك بووە سێیەكەی تریش ئەنجامیان دەرنەچووە. باسی لەوەشكرد كە تاقیگەی پێویست و ستاندەریان لەبەردەستە.
هەروەها وەزیری تەندروستی وتی: تیمەكانی پزیشكی لە خالەكانی پشكنین لەنێوان هەرێم و شارەكانی عیراق دانراوە كە 14 خاڵی پشكنین بووە و هەموو ئامێرێكی پێویستیان لەبەردەستە و چاودێری بازاڕیش كراوە كە 59 شوێنە سەردانی كراوە و 11 شوێنیان بەهۆی گرانكردنی نرخەكان داخراون و سزادراون و 5 نووسراوی راسپاردەكان دەرچوونە بۆ بازگەكان و كۆمەڵگە و خێوەتگە و كەمپەكان.
سامان بەرزنجی وتیشی: لەمشەوەوە كەناڵێكی تایبەتی ناوخۆیی میدیایی بەكاردەكەوێت، بۆ بڵاوكردنەوەی ڕێنماییەكان.
هەروەها وتی: ژمارەیەكی تری ئامێری پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەدەستمان گەیشتووە و بەردەوامیش دەبین لە هەوڵەنمان بۆ ئەوەی زۆرترین ئامێرمان هەبێ  و بەردەوام پشكنین بۆ هاوڵاتیانی خۆمان بكەین.
هەروەها باسی لەوەشكرد، كە هێڵە گەرمەكانی پەیوەندی تەلەفۆنی بەردەوام كراوەن و گرنگترین كاری ئێمە دۆزینەوە یەك حاڵەتی گومانلێكراوە تا بتوانین فریای بكەوین..

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group