كۆرۆنا و شەڕی بایۆلۆژی.. ئایا ئەمریكا كۆرۆنای بڵاوكردوەتەوە؟!

08/03/2020

نەوا
ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتر لە سێ مانگە لە چین دەركەوتوە و لە زیاتر لە 100 وڵاتی جیهان توشبو بەو ڤایرۆسە تۆماركراوە، ئەوەش وەك هەموو كەیسەكانی دیكەی جیهان بەتایبەتی بڵاوبونەوەی پەتا بەدور نەبوو لە تۆمەتباركردنی یەكتری لەلایەن وڵاتە زلهێزەكانی جیهانەوە و جارێكی تر بیردۆزی "پیلانگێڕی" هاتەوە بەرباس.
روسیا و چین، ئەمریكا بە دروستكردن و بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسەكە تۆمەتبار دەكەن، واشنتۆنیش جارێك مۆسكۆ و جارێك پەكین تۆمەتبار دەكات، سەرەڕای ئەوەی زانایانی بواری ڤایرۆسیش پێیانوایە بابەتی دروستكردنی ڤایرۆسەكە پشت بە هیچ بنەمایەكی زانستی و لۆژیكی نابەستێت، بەڵام ئەوانەی بڕوایان بە بیردۆزی "پیلانگێڕی" هەیە سورن لەسەر بۆچونەكەی خۆیان، زانایانیش بە ئەستەمی دەزانن مرۆڤ گەیشتبێتە ئەو ئاستەی بتوانێت گۆڕانكاری لە ڤایرۆسەكاندا بكات.
سەبارەت بەو بابەتە ڤلادیمێر جیرینۆڤسكی سەرۆكی حزبی لیبراڵ دیموكراتی روسیا و پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە لە كۆبونەوەیەكی لەگەڵا مامۆستایانی پەیمانگای شارستانیەتە جیهانیەكان لە شاری مۆسكۆ وتی "ئەمریكا لە پشت بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوەیە، زۆر دڵنیاشم لەو زانیاریانە، كۆمپانیاكانی دەرمان ملیارەها دۆلاریان دەستدەكەوێت و سوپای ئەمریكاش چەكی ڤایرۆسی خۆی تاقیدەكاتەوە".

جیرینۆڤسكی دەشڵێت "ڤایرۆسەكە بۆ ئیستفزازكردنی چین-ە و یەكەم ڤایرۆسی لەو جۆرەش نییە، بەڵكو پێشتر ڤایرۆسەكانی "ئەنفلۆنزای باڵندە" و "شێتی مانگا"ی بڵاوكردەوە، ئەمریكییەكان لەوە دەترسن نەتوانن چین تێپەڕێنن و دەیانەوێت لانیكەم هاوشانی ئەو وڵاتە بڕۆن. چەندەها كەس، كە لە سویسرا دەژین، بەهۆی ئەو فرۆشتنی چارەسەری ڤایرۆسەوە، بونەتە خاوەنی ملیارەها دۆلار".
سەرەڕای ئەوەش ژمارەیەك لە زانایانی روسیا باس لەوەدەكەن، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ڤایرۆسی كۆرۆنای لە شاری ووهانی چین دروستكردوە لەپێناو لەناوبردنی ئابوری ئەو وڵاتە و دەستكەوتنی پارەیەكی زۆر لە رێگەی فرۆشتنی ڤاكسین و دەرمانی دژی ڤایرۆسەكە لەدواییدا، سەرەڕای ئەوەش دەیان كەناڵی تەلەفزیۆن و ماڵپەڕ و ئەكاونتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەردەوامن لە بڵاوكردنەوەی زانیاری سەبارەت بەوەی ئەمریكا لە پشت دروستكردن و بڵاوكردنەوەی كۆرۆناوەیە.

 

ئەمریكاش بێدەنگ نەبوە لە بەرانبەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی دەكرێن، بەرپرسانی ئەو وڵاتە بە ئاژانسی هەواڵی "فرانس پرێس"ی فەرەنسییان وتوە "روسیا لە رێگەی ئەكاونتەكانیەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا زانیاری ناڕاست بڵاودەكاتەوە و دەیەوێت رای جیهان بەلاڕێدا ببات".

لای خۆیەوە فیلیپ ریكەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری ئەوروپا و ئۆراسیا دەڵێت "مۆسكۆ دەیەوێت لەرێگەی ئەو پڕوپاگەندانەی بڵاویاندەكاتەوە، پێگەی دامەزراوەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لاواز بكات".
ریكەر ئاماژە بەوەشدەدات، روسیا زانیاری نادروست لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاودەكاتەوە و ئەو لایەنە روسیانەی نیازی خراپیان هەیە، دەیانەوێت جارێكی تر سەلامەتی گشتی بخەنە مەترسییەوە ئەوەش لەرێگەی بەلاڕێدابردنی بیروبۆچون و دروستكردنی كاردانەوەیەكی جیهانی لەسەر پەتاكە.
هەروەك بەرپرسانی ئەمریكا پێیانوایە روسیا هێرشەكانی لە رێگەی ئەكاونتە ساختەكانیەوە، كە بە زمانەكانی روسی، ئینگلیزی، فەرەنسی، ئیسپانی، ئیتاڵی و ئەڵمانی پەخش دەكەن، ئەنجامدەدات.
یەكێك لە پروپاگەندەكان دەڵێت "كۆرۆنا لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا CIAوە پەرەی پێدراوە و وەك شەڕێك دژی چین بەكاردێت و چەكێكی بایۆلۆژیە و لە چوارچێوەی ستراتیژی خۆرئاوادایە بۆ بەرەنگاربونەوەی پەكین".

تۆمەتەكان تەنها بەرپرسانی ئەمریكای نەگرتوەتەوە و چەندین كەسی تر ناویان هێنراوە وەك بیل گەیتس دامەزرێنەرو خاوەنی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت، كە بە دروستكەری ڤایرۆسەكە تۆمەتباردەكرێت، ئەوەش لەكاتێكدایە دامەزراوەكەی گەیتس ملیارەها دۆلاری لە بەرنامەی چارەسەركردنی كێشە تەندروستییەكانی جیهاندا خەرجكردوە.
بیرۆدزی "پیلانگێڕی"و بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ‌، كە بەCOVID – 19  ناسراوە، تەنانەت بەرنامەو راپۆرت و بابەتەكانی كەناڵەكانی روسیاشی بە كەناڵە فەرمییەكانەوە گرتوەتەوە و چەندین بابەتی لەسەر بڵاودەكرێتەوە، هەندێك لە بابەتەكان بونەتە گاڵتەئامێز و هێرشدەكەنەسەر دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا و توێژی سیاسی ئەو وڵاتە و رۆژئاوا بە گشتی.
زۆربەی پڕوپاگەندەكان لەسەر بنەمای زانیارییەكی پێشتر بەهێز و تۆكمە كراون، ئەویش راپۆرتێكی پێشوی كۆشكی سەرۆكایەتیی روسیا "كرملن"ە، كە باس لەوە دەكات، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا تاقیگەیەكی لە جۆرجیا هەیە و لەوێدا چەكی بایۆلۆژی لەسەر مرۆڤ تاقیدەكاتەوە.

بەشێك لە راپۆرتە روسیەكان ئەوەیان بڵاودەكردەوە، كە ڤایرۆسی كۆرۆنا تەنها ئاسیاییەكان دەكاتە ئامانج و چەكێكی نەژادییە، بەڵام لەماوەی دواییدا ئەو گروپاگەندانە هەڵوەشانەوە دوای ئەوەی ڤایرۆسەكە گەیشتە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكای لاتین و تەنانە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاش و ژمارەیەكی زۆر قوربانی لێكەوتوەتەوە.
كۆماری ئیسلامی ئێرانیش، كە یەكێكە لە ركابەرە هەمیشەییەكانی ئەمریكا و یەكێكیشە لە گیرۆدەبوەكانی دەستی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بە دور نییە لە تۆمەتباركردنی واشنتۆن بە دروستكردن و بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسەكە. لەوبارەیەوە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت "سوپاسی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی و دەوڵەتە دۆستەكان دەكەین لە هاریكاریەكانیان بۆ ئێران بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆری ئابوریی ئەمریكی، كە ژیانی ئێرانیەكانی خستوەتە مەترسیەوە (وەك ئاماژەیەك بۆ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا)".

لەلایەكی دیكەوە حسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێرانی ئەمریكا تۆمەتبار دەكات بە بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و شەڕی بایۆلۆژی و ئاماژەی بەوەداوە، كۆرۆنا هێرشێكی بایۆلۆژیی ئەمریكایە، كە لە چینەوە دەستیپێكرد و دواتر گواسترایەوە ئێران و ناوچەكانی تری جیهان.
سەرەڕای چەندین تۆمەت و دەنگۆ لە چین سەبارەت بەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا شەڕی ئەمریكایە دژی وڵاتەكەیان، بەڵام تائێستا هیچ سەرچاوەیەكی فەرمی ئەو وڵاتە بەئاشكرا باسی لەو بابەتە نەكردوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەرئاستی حكومەت، پەكین رەخنەكانی روبەڕوی واشنتۆن كردوەتەوە و "هوا شونینگ" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكە دەڵێت "تائێستا حكومەتی ئەمریكا هیچ هاوكارییەكی بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا پێشكەش نەكردوە، تەنانەت یەكەم وڵاتیش بوو تیمە دیپلۆماسییەكەی و كارمەندانی كونسوڵگەریەكەی لە ووهان كەمكردەوە، یەكەم وڵاتیش بوو رێگەی لەوە گرت هاووڵاتیانی چینی بچنە وڵاتەكەیەوە، سەرەڕای هەموو ئەوانەش كار بۆ بڵاوكردنەوەی "ترس و تۆقاندن" سەبارەت بە ڤایرۆسەكە دەكات".
باسكردن لە بیردۆزی "پیلانگێڕی" و قسەكردن لەسەری تەنها ئێرانی و روسەكان و ركابەرەكانی ئەمریكای نەگرتوەتەوە، بەڵكو لە چەندین وڵات و رێكخراو و كەسایەتی و سیاسی و پێگەی تر لەجیهاندا باس لە بیردۆزەكە دەكەن و زۆرینەشیان ئەمریكا تۆمەتبار دەكەن بە بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، یەكێكیش لە نمونەكان ئۆرلی لیفی ئەندامی كنێستی ئیسرائیلی و سەرۆكی حزبی "گیشر"ە، كە دەڵێت "با ساویلەكە نەبین، پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبوەوە لەبەرئەوەی وەك چەكێكی بایۆلۆژی دروستكرا"، بەڵام ئەندامەكەی كنێست "پەرلەمانی ئیسرائیل" هیچ لایەنێكی بە دروستكردنی چەكەكە تۆمەتبار نەكردوە.
لەدوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا زانایان و ناوەندە زانستیەكان چەندین بابەت و راپۆرت و شیكردنەوەو بۆچونیان لەسەر ڤایرۆسەكە بڵاوكردەوە، سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا زانیاریەكی ئەوتۆ لەسەر ڤایرۆسەكە بەردەست نییە، بەڵام هەندێكیان ئەوە بەدور نازانن چەكێكی بایۆلۆژی بێت و هەندێكیشیان بەتەواوەتی ئەوە رەتدەكەنەوە و پێیانوایە "مرۆڤ هێشتا نەگەیشتوەتە ئەوەی گەشە بە ڤایرۆسەكان بدات و بیانگۆڕێت"، هەروەك وای دادەنێن، ئەو پروپاگەندانە لەلایەن ئەو كەس و لایەنانەوە بڵاودەكرێنەوە، كە هەر لەسەرەتادا بڕوایان بە بیردۆزی پیلانگێڕی هێناوە و هەرچی لە جیهاندا رودەدات، بە پیلانگێڕی دەزانن.

سەرەتاكانی بیركردنەوە لە پیلانگێڕی و بیردۆزەكەی مێژوویەكی دورودرێژی هەیە، بەڵام ناوبەناو دێتەوە سەر زار، یەكێك لە كۆنترین پروپاگەندەكانیش بڵاوبونەوەی پەتای "گەڕی" بوو لە ئەوروپا و بەتایبەتی فەرەنسا لە سەدەی چواردەیەمدا، دەسەڵاتدارانی ئەوكاتەی فەرەنسا باسیان لەوەدەكرد پەتاكە پیلانگێڕیی موسڵمانانە ئەویش بە هاوكاری جوەكانی ئەوروپا جێبەجێیانكردوە، بەجۆرێك موسڵمانان دەیانەوێت ئایینی مەسیحی لە ئەوروپا لەناوبەرن و لەبەرانبەریشدا قودس بدەن بە جوەكان، بەڵام زانایان و مێژونوسان دەڵێن "ئەو بۆچونە دورە لەراستییەوە و وەك زۆربەی ئەو پیلانگێڕیانەی لەمێژودا باسیان لێوەدەكرێت هیچ بنەمایەكی زانستی و دروستی تێدا نییە".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group