ترامپ: ئێران و گروپە چەكدارەكانی عیراق دەیانەوێت هێرشبكەنە سەر هێزەكانی ئەمریكا

02/04/2020 عێراق

نەوا
دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، زانیارییان هەیە ئێران و گروپە چەكدارە هاوپەیمانەكانی پلانی هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمریكایان هەیە لە عیراق، بۆیە هەڕەشەی توندیان لێدەكات بەوەی "باجی زۆر قورس دەدەن".
ترامپ لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە كۆشكی سپی رایگەیاند، زانیارییان دەستكەوتووە، كە گروپەكانی نزیك لە ئێران بەنیازی كارێكن دژ بە هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق، "ئێران خۆی نایكات، بەڵكو گروپەكانی سەر بەو وڵاتە دەیكەن".
سەرۆكی ئەمریكا دوپاتیشیدەكاتەوە، جیاوازی لەنێوان ئەو گروپانە و ئێراندا نییە و خودی تاران سەرپەرشتیی ئەو هەڕەشە و پلانانە دژی هێزەكانی ئەمریكا دەكات، بۆیە هۆشدارییان دەداتێ و دەڵێت "شتی وا مەكەن، ئەگەرنا باجی زۆر قورسی ئەو كارە دەدەن".
دواتریش دۆناڵد ترامپ لە تویتێكدا دووبارە جەختی لە زانیارییەكانیان لەبارەی ئەگەری هێرشی گروپە چەكدارەكانی عیراق بۆسەر هێزەكانی ئەمریكا كردەوە و نوسیوێتی "ئەگەر ئەوە رووبدات ئێران لەبەرامبەر ئەو كارەی باجێكی زۆر قورس دەدات". 
 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group