نەخۆشی كۆلێرا دەركەوتەوە و تائێستا 21 كەسی كوشتوە

02/04/2020 جیهان

نەوا
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشكرایكرد، نەخۆشی كۆلێرا لە نایجیریا سەریهەڵداوەتەوە و تائێستا 21 كەس بەهۆیەوە گیانیانلەدەستداوە، ژمارەكەش بەردەوامە لە بەرزبونەوە.
ئاییۆ نورا بەرپرسی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە ویلایەتی ئابۆنی لە باشوری خۆرهەڵاتی نایجیریا رایگەیاندوە، لە چەند ناوچەیەكی ئەو وڵاتە نەخۆشی كۆلێرا دوبارە سەریهەڵداوەتەوە و پێداویستی پزیشكی خێرا و دەرمان نێردراوەتە ئەو ناوچانەی توشبوی تێدا تۆماركراوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، تائێستا 21 كەس بەهۆی نەخۆشییەكەوە گیانیانلەدەستداوە، داواش لە هەركەسێك دەكەن ئەگەر نیشانەكانی نەخۆشیەكەی تێدا دەركەوت، بە خێرایی سەردانی نەخۆشخانەكان بكات.
نەخۆشی كۆلێرا بەشێوەیەكی گشتی بەهۆی نەبون و كەمی ئاوی پاك و نەبونی پاكوخاوێنی سەرهەڵدەداتەوە و ترسێكی زۆر لەناو هاووڵاتیانی ئەو ناوچانەی نایجیریاش دروستبوە، كە نەخۆشییەكەی تێدا دەركەوتوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی تەندروستی تەئكیدیانكردوەتەوە، رێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر بۆئەوەی نەخۆشیەكە نەگوازرێتەوە ویلایەتەكانی تری ئەو وڵاتە.
لە ماوەی 150 ساڵی رابردودا، لەجیهاندا 7 جار نەخۆشی كۆلێرا بڵاوبوەتەوە، یەكەمجار لەساڵی 1817 لە روسیا دەركەوت ئەوەش بەهۆی تێكەڵاوبونی پاشەڕۆی مرۆڤ بە ئاوی خواردنەوە سەریهەڵدا، دواتر نەخۆشییەكە گواسترایەوە ئاسیا و ئەوروپا ئەوەش لەرێگەی سەربازە بەریتانییەكانی ناو هیندستانەوە بوە و مردنی نزیكەی یەك ملیۆن كەسی لە جیهاندا لێكەوتەوە، بۆ یەكەمجاریش لە ساڵی 1885 ڤاكسینی نەخۆشییەكە دۆزرایەوە، دواتریش هەر ماوە و لە ناوچەیەك نەخۆشییەكە دەركەوتوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group