مەسرور بارزانی: راستكردنەوەی هەموو چەوتییەكانی رابردو كاتی زیاتر و هاوكاریی هەموولایەكی پێویستە

22/05/2020

نەوا
شەوی هەینی 22-5-2020 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و باسی لە دۆخی ناهەمواری ئابوری و كارگێڕیی هەرێم كرد و رایگەیاند، حكومەت 27 ملیار دۆلار قەرزارە.
ئەمەش دەقی پەیامەكەیەتی:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
هاووڵاتییانی خۆشەویست

سەرەتا بە بۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە پیرۆزباییتان لێدەكەم و هیودارام كاتێكی خۆش لە رۆژانی جەژندا بە سەر ببەن، داواشتان لێدەكەم بۆ پاراستنی خۆتان و كەسوكار و كۆمەڵگەكەتان، رێكارەكانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەكان لەبەرچاو بگرن.
وەك ئاگادارن هەرێمی كوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان بە هۆی لێكەوتە ئابوورییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، رووبەڕووی دۆخێكی سەختی ئابووری بوونەتەوە. ئەم دۆخە نەخوازراوە لە دەرەوەی ویست و خواستی حكومەتی هەرێمی كوردستانە. هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئەم قەیرانەش ئێمە هەموو هەوڵێكمان داوە و بەردەوامیشین لە هەوڵەكانمان بۆ ئەوەی بارگرانیی لە سەر هاووڵاتییان كەم بكەینەوە.

هاونیشتمانیانی بەڕێز:
ئێمە هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، هەموو هەوڵێكمان خستە گەڕ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە گەڵ بەغدا و لە هەمانكاتیشدا كارمان لە سەر ئەوە كرد، ئابووری هەرێمی كوردستان لە هەڕەشە و مەترسییەكانی پشت بەستن بە تاكە سەرچاوەیەكی داهات رزگار بكەین.
بەشێكی زۆری ئەم دۆخە سەختە ئابوورییەش، ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی تەنیا پشت بەستن بە داهاتی ناجێگیری نەوتە.
لە بارەی پەیوەندیمان لە گەڵ بەغدا، ئێمە بە جیدیەتەوە هەنگاومان نا. هەر لە دوای دەستبەكاربوونمان لە مانگی تەممووزی ساڵی رابردوو، یەكەمین سەردانمان بۆ بەغدا بوو، هەموو ئامادەییەكیشمان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە سەر بنەمای دەستوور دەربڕی و چەندین پێشنیازیشمان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی تایبەت بە نەوت پێشكەش كرد، بەڵام بەداخەوە لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە، دۆخی بەغدا شڵەژا و سەرەنجام حكومەتی عێراق لە ژێر فشاری ناڕەزاییەتییەكانی خەڵك، دەستی لە كاركێشایەوە و ئیدی خۆی بە بەرپرسیار نەزانی بەرامبەر چارەسەركردنی ئەو كێشە و ماف و شایستە دەستوورییانەی هەرێمی كوردستان، كە لە ساڵی 2005ەوە جێبەجێی ناكەن. ئێستاش كە حكومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی بەڕێز موستەفا كازمی دەستبەكار بووە، دووبارە ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان دەردەبڕین، بە جۆرێك كە ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان وەكو قەوارەیەكی فیدرالی دانپێدانراو لە دەستووری عێراقدا، دابین بكرێت. لە دوا هەوڵەكانیشماندا لەم ماوەیەدا، سێ جار شاندی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدای كردووە و لەم دانوستانانەش بەردەوام دەبین، تا بە ئەنجامێكی دادپەروەرانە و دەستوورییانە دەگەین.

كوردستانیانی بەڕێز:
ئەم قەیرانەی ئێستا، سوورترمان دەكات لە سەر درێژەدان بە  ستراتیجی فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات و لە هەمانكاتدا زیاتر هانمان دەدات بۆ بەردەوامبوون لە سەر درێژەدان بە پرۆسەی چاكسازی و چارەسەركردنی هەموو ئەو كێماسیانەی لە رابردوودا لە بواری كارگێڕی و داراییدا هەبووە. بەڵام هاووڵاتیانی خۆشەویستمان دەزانن ڕاستكردنەوەی ئەم هەموو چەوتییە و دامەزراندنی بنەمای ئابوورییەكی سەقامگیرتر، كاتی زیاتر و هاوكاریی هەموولایەكی پێویستە.
وەك ئاگادارن لە چەند رۆژی رابردوودا، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیرانمان كرد و پلانی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی داراییمان پەسەند كرد. هەروەها چەندین بڕیاری گرنگمان لە بارەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەركرد، كە ئێمە هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونمان، جەختمان لە سەر گرنگیی ئەنجامدانی پرۆسەی چاكسازی كردووەتەوە، كە بەشێكی گرنگی كارنامەی كابینەی نۆیەمە.
ئێمە سوورین لە سەر بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی چاكسازی و رێگریكردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی. بێگومان لە جێبەجێكردنی چاكسازیدا، بەرژەوەندیی خەڵكانێك كە سەرپێچی و گەندەڵیان كردووە دەكەوێتە مەترسییەوە، بۆیە هەوڵی پەكخستنی دەدەن و ئاستەنگی بۆ دروست دەكەن. بەڵام چاكسازی داواكاری زۆرینەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانە و منیش لە بەرەی هاووڵاتییان دەمێنمەوە و بە پاڵپشتی هاووڵاتییانی خۆشەویست لە چاكسازی بەردەوام دەبین و هەرگیز لێی پاشگەز نابینەوە.
بێگومان دەبێ چاكسازیش گشتگیر و سەرتاسەری بێت و هەمووان بگرێتەوە و نابێ هیچ كەس و لایەنێك لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی تەسكی حیزبی و شەخسی رێگری لە پرۆسەی چاكسازی بكات.
لێرەدا داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەم، بە گیانی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی، هاوكارمان بن و یەكڕیزی ناوخۆیی بپارێزن و یارمەتیدەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بن لە رێكخستنەوەی سیستەمی ئابووری و كارگێڕیی و چاككردن و بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكان لە هەرێمی كوردستان.
هەروەها بە تایبەتی داوا لە نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەم، بەرژەوەندی تەسكی شەخسی و ململانێی حیزبایەتی بەلاوە بنێن و هاوهەڵوێست بن لە داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان. دۆخی سەختی دارایی هەرێم بەرئەنجامی چەندین هۆكاری سیاسی و مێژووییە. ئەمە جیا لە بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە لایەن حكومەتی عێراق و قەیرانی دارایی جیهانی، بەڵام ئەم دۆخە سەختە نابێ بكرێتە كەرەستەی ململانێی سیاسی و یەكترشكاندن و پەرتەوازەكردن و دابڕاندنی ناوچەكانی هەرێم  لە یەكتر لە ژێر ناوی جۆراوجۆر.
لە  كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا، بە راشكاوی ئاماژە بەوە دراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان كار دەكات بۆ چەسپاندنی لامەركەزیەتی ئیداریی پارێزگاكان، كە گونجاو بێت لە گەل سیستەمی یاسایی و كارگێڕی هەرێمی كوردستان. هەروەها ئەرك و بەرپرسیاریەتی بە پێی یاسا و لە ژێر چاودێری سەرۆكایەتی حكومەت، دابەش دەكرێت، بۆ ئەوەی رێگری بكرێت لە ئەنجامدانی گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتی ئیداری و سەرهەڵدانی فرەچەشنی دەسەڵات لە دەرەوەی دامودەزگاكانی هەرێم. بۆیە ئێمە لە گەڵ لامەركەزیەتی كارگێڕین، بەمەرجێك لە چوارچێوەی پاراستنی قەوارەی هەرێمدا بێت.
ئێمە هەموو تواناكانمان چڕكردووەتەوە بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتییان و مووچەی فەرمانبەران، لە نۆ مانگی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمیشدا، هەشت مانگ مووچە دراوە و تەنیا مووچەی مانگێك دواكەوتووە. چەندین بڕیاریشمان دەركردووە بۆ سووككردنی باروگوزەرانی خەڵكی كەمدەرامەت و ئەوانەی بە هۆی رێكارەكانی خۆپارێزی زیانمەند بوون. بەڵام بێگومان دەبێت خۆمان لە گەڵ هەر دۆخێكی نەخوازراودا، كە دێتە پێش بگونجێنین. بەپێی داهات و توانا داراییەكانی هەرێم پلانمان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە داناوە و بودجە و خەرجیی دامودەزگاكانی هەرێم و مووچەخۆران رێكدەخەینەوە و رەچاوی یاسای چاكسازی پەیوەست بەم بوارە دەكەین.

هاووڵاتییانی خۆشەویست:
 لە گوتاری دەستبەكاربوونم لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەم بەوەدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین ملیار دۆلار قەرزارە، كە بڕی 27 ملیار دۆلارە، بەشێكی زۆری ئەو قەرزانەش لە ئەستۆی حكومەتی فیدرالە، بە هۆی نەناردنی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتەكانی پێشووی عێراق، هەربۆیەشە بەداخەوە حكومەتی هەرێم خاوەنی هیچ یەدەگ و پاشەكەوتێكی دارایی نییە، كەواتە ئیمە تەنیا پشت بەو سەرچاوە داراییانە دەبەستین كە مانگانە دێتە بەردەستمان، ئەمەش وادەكات لە هەر قەیرانێكی دارایی رووبەڕووی كێشە ببینەوە. ئەم راستییەش زۆربەی خەڵكی شارەزا لێی ئاگادارن و شتێكی شاراوە نییە، كەچی بەداخەوە زۆرجار ئەو راستییانە و هەموو پرسە سیاسی و نیشتمانییەكان پشتگوێ دەخرێن و تەنیا باسی مووچە دەكرێت، لە كاتێكدا هەمووشمان دەزانین سەرچاوەكانی مووچە چین.
بۆ ئاگاداری ئێوەی بەڕێز، كاتێك داهاتی مانگانەی فرۆشتنی نەوت 700 ملیۆن دۆلار بوو، لەم بڕە داهاتە زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلاری بۆ تێچووی دەرهێنانی نەوت و گواستنەوەی و دانەوەی قەرزەكان خەرجكراوە و ئەوەی بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕاوەتەوە، تەنیا 300 ملیۆن دۆلار بووە. هەروەها تەنیا 383 ملیۆن دۆلاریش وەك بەشە بودجەیەك لە بەغدا دەهات، بەڵام ئەو پارەیە بەشی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی نەدەكرد و ناچار رێژەیەكی بەرچاوی داهاتی ناوخۆش وەك تەواوكەری پێوستیی مووچە خەرج كراوە. وێڕای ئەمەش خەرجیی پێویست بۆ بەڕێوەبردن و خزمەتگوزارییەكان لە داهاتی ناوخۆ دابین كراوە و ئینجاش مانگانە 60 ملیۆن دۆلار كورتهێنان هەبووە. ئێستاش نرخی نەوت زۆر دابەزیوە، بۆ نموونە لە مانگی رابردوودا كۆی داهاتی فرۆشتنی نەوت كە بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕاوەتەوە، تەنیا 30 ملیۆن دۆلار بووە، داهاتی ناوخۆش نزیكەی 60 ملیۆن دۆلار بووە و ئەو بەشە بودجەیەی لە بەغداش دێت دواكەوت .
 بێگومان ئەم دۆخە سەختە داراییە، نەك هەر هەرێمی كوردستان، بەڵكو هەموو جیهانی گرتووەتەوە و تەنانەت هەندێ وڵاتیشی تووشی داڕمانی دارایی كردووە.
ئاشكرایە لە خەرجكردنی داهاتی هەرێمی كوردستاندا، نادادپەروەرییەكی زۆر و بێ پلانی هەبووە 80%ی داهاتی هەرێمی كوردستان بۆ مووچەخۆران تەرخانكراوە، مووچەخۆرانیش 20%ی دانیشتووانی هەرێمن. ئەم رێژەیەی مووچەخۆران بە پێی ستانداردە باوەكان چەندین بەرابەری پێداویستییەكانی هەرێمە.
لە باشترین بارودۆخی داراییدا، لە بودجەی هەرێم 15%ی بۆ خەرجییەكانی بەڕێوەبردن و خزمەتگوزاری تەرخان كراوە و تەنیا كەمتر لە 5% بودجە بۆ پەرەپێدانی وڵات دەمێنێتەوە.
لەم دابەشكارییە ناتەواوەی بودجەی هەرێمدا، هیچ لێكدانەوەیەك بۆ ئایندە و نەوەكانی داهاتوو نەكراوە. بێگومان ئەم وڵاتە تەنیا بە مووچەدان پێشناكەوێت، بەڵكو پێویستیمان بە ژێرخانێكی پتەوتر هەیە. ناكرێ هاووڵاتی مووچەی هەبێت، بەڵام ئاو و كارەبای نەبێت، قوتابخانەی باشی نەبێت، نەخۆشخانەی نەبێت، ڕێگەوبانێكی باشتری نەبێت، بە گشتی كێشەی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی هەبێت.
حوكمڕانی تەنیا دابەشكردنی مووچە نییە، بۆیە دەبێت هەموومان پێكەوە بە هاووڵاتی و حكومەت و لایەنە سیاسییەكانەوە، بڕیارێكی یەكلاكەرەوە بدەین، بە جۆرێك گەر لە دۆخێكی باشی ئابووریشدا بین، نابێت هەموو توانا داراییەكانمان بۆ مووچە تەرخان بكرێت، پێویستە بەشێكی بەرچاوی بودجە بۆ پێشخستنی خزمەتگوزارییەكان و ژێرخانی ئابوورییمان بێت.
هیچ حكومەتێك ناتوانێت تەواوی هاووڵاتیانی لە سیستەمی ئیداریدا دابمەزرێنێت و مووچەیان بۆ دابین بكات، بەڵكو تەنیا بە پێشخستنی ژێرخانی ئابووریمان و پەرەپێدان بە وەبەرهێنان، دەرفەتی كاری زیاتر دەرەخسێندرێن، كەواتە دەبێت داهات و سەرمایەی وڵات لەم ئاراستە راست و ڕەوایەدا خەرج بكرێت. دەبێت هەموومان پێكەوە پلانمان بۆ دەرچوون لەم سیستەمە داراییەی ئێستا هەبێت. ئەمە بڕیارێكی ئاسان نییە، بەڵام بۆ هەرێم بڕیارێكی چارەنووسسازە لە نێوان دوو ڕێگەی پێشكەوتن و پاشكەوتندا. ئەم بابەتە بۆ هەنگاونان بەرەو داهاتوویەكی گەشتر بۆ هەرێم زۆر گرنگە و نابێت ببێت بە كەرەستەی ململانێ و موزایەدەی سیاسی.

هاونیشتمانیانی بەڕێز:
ئەم دۆخە سەختەی ئێستا كە بە پێی  پێشبینی شارەزایان رەنگە تا ماوەیەكی دیكەش بەردەوام بێت. لە هەموومان دەخوازێت هاوكار و یارمەتیدەر بین بۆ تێپەڕاندنی و سووككردنی دۆخی ژیانی هاووڵاتییانی كەمدەرامەت. لێرەدا دڵنیاتان دەكەمەوە، حكومەت هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئەم قەیرانە، پلانی دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و دەرمانی دانا، هەر بەپێی ئەو پلانە لە كۆگاكانی حكومی و كەرتی تایبەت، لانیكەم تا كۆتایی ئەمساڵ پێداویستی خۆراك و دەرمان دابین كراوە و كێشەی خۆراك و دەرمان لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا دروست نابێت. ئەمە جیا لەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە تایبەت لە بواری خۆراك و دەرمان بەردەوامە. هەر لە چوارچێوەی ئەو پلانەدا حكومەتی هەرێم جیا لە بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان، لە ماوەیەكی نزیكدا، دەست دەكات بە دابەشكردنی خۆراك بە سەر خانەوادە كەم دەرامەتەكان.
ئێمە لە هەرێمدا زوو دەستمان بە رێكارەكانی خۆپارێزی كرد، چونكە خۆپارێزی باشترین چارەسەرە. سوپاسی پێگیری و پابەندبوونتان دەكەین، بەڵام لەم رۆژانەدا هەست دەكرێت پابەندبوونەكان سستیی تێكەوتووە، ئێمە لە سەختیی بار و گوزەرانتان تێدەگەین، بەڵام دەبێت بزانین لە هەموو جیهاندا مەترسیی ئەم پەتایە بەردەوامە، دەبێت رێكارەكانی خۆپارێزی لە ئاستی تاكدا، وەك بەكارهێنانی دەمامك و شوشتنی دەست و خۆ دوورگرتن لە قەرەباڵخی بەردەوام بێت. هەر كەسێك پابەند نەبێت، بەرپرسیار دەبێت لە دروستكردنی مەترسی لە سەر خۆی و كەسوكاری و هەموو هاووڵاتییان.
بە شایەتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی و خەڵكێكی زۆر، ئەزموونی حكومەتی هەرێم لە  جێبەجێكردنی رێكارەكانی خۆپارێزیی و رێنماییە تەندروستییەكان زۆر سەركەوتوو بوو، بەڵام بەداخەوە خەڵكانێك هەوڵ دەدەن ئەو هەوڵانە كەمبایەخ و ناشرین بكەن. سەڕەڕای هەموو ئەو قەیران و فشارانەی رووبەڕووی حكومەتی هەرێم بوونەوە، بەڵام لە رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنادا، نموونەیەكی زۆر سەركەوتووی نیشاندا .لێرەدا ئێوەی هاووڵاتییانی خۆشەویست دڵنیا دەكەمەوە، كە حكومەتی هەرێم لە هەموو كەس و لایەنێك زیاتر لە خەمی ژیان و بژێوی ئێوە دایە، بۆیە هیوادارم نەكەونە ژێر كاریگەری دروشم و پڕوپاگەندەی ناڕاست و ناواقیعی.
ئێمە گوێ لە هەموو رەخنە و تێبینیەكانی ئێوە دەگرین و داواكارییە واقیعی و مەنتیقییەكانیش لە بەرچاو دەگرین و لێیان تێدەگەین، بەڵام لە هەمانكاتدا پێویستە ئێوەش تێگەیشتنی تەواوتان بۆ ئەم دۆخە سەختەی ئێستا هەبێت.
سوپاسی خۆڕاگری و قوربانیدانتان دەكەم و دڵنیاشم بە پشتیوانی خوای گەورە و ئێوەی بەڕێز، ئەم دۆخە نالەبارەش تێدەپەڕێنین و كوردستان بەرەو گەشانەوە و بووژانەوە هەنگاو دەنێتەوە، ئەو كاتەش شەریكی سەركەوتن و دەسكەوتەكان زۆر دەبن.
لە كۆتاییدا دووبارە جەژنتان پیرۆز بێت و داواتان لێدەكەم پابەندبن بە خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەكان، چونكە خۆپارێزی ئەركێكی نیشتمانیی و ئایینی و مرۆڤایەتییە.

هەر پارێزراو و تەندروست بن

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group