بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی: جۆزەی 16 بۆ 20 ئەمپێری نەماوە

12/07/2020

نەوا
بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتیی كارەبای سلێمانی رایگەیاند، بەرنامەی پێدانی كارەبا لە رێگەی جۆزەی 16 بۆ 20 ئەمپێری نەماوە و هەموو پارێزگای سلێمانی بەرنامەی دابەشكردنی‌ كارەبای بۆ هاووڵاتیان وەك یەك دەبێت.
رۆژی یەكشەممە بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتیی كارەبای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، ئەو ناوچانەی پێشتر جۆزەی (16-20) ئەمپێرییان بۆ دانراوە، لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆژەی‌ دانانی‌ (پێوەری زیرەك) لە رێگەی پارێزگارەوە گشتاندن بۆ هەموو یەكە ئیدارییەكان كراوە بۆ كاری پێویست بەوەی بەرنامەی دیاریكراو بۆ جۆزەكان نەماوە و هەموو پارێزگای سلێمانی بەرنامەی دابەشكردنی‌ كارەبای بۆ هاووڵاتیان وەك یەك دەبێت، ئیدارەكانیش سەرپشككراون، بەمانەوە یاخود لابردنی‌ جۆزەكان.
باس لەوەشكراوە "لەگەڵ ئەوەی لەماوەی رابردوودا ئەو (جۆزانە) توانیویانە هاوكارێكی باش بن بۆ پاراستنی (محا‌ویلە)كان و فیدەرەكان و گەڕاندنەوەی كارەبا و سودیان بۆ ئەو سنورانە هەبوە ‌و لەوكاتەدا كارەبای باشتریان وەرگرتوە، بەڵام بەهۆی دەستكارییكردن و سەرپێچییەكی زۆرەوە، گەڕاندنەوەی كارەبا لەماوەی رابردوودا زۆر كەمتر بوە بەراورد بەساڵانی پێشوتر.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتیی كارەبای سلێمانی جەختیكردوەتەوە، "وەرزی هاوینی ئەمساڵ، ‌بەراورد بەهاوینی ساڵانی رابردو، پێدانی كارەبا باشتر بوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group