دواى گله‌ییه‌كان ناوى عیراق بۆ لیسته‌كه‌ى سوپاى لوبنان زیادكرا

09/08/2020 عێراق

نه‌وا
دواى گله‌ییه‌كانى حكومه‌تی عیراق له‌ ناو نه‌هێنانی وڵاته‌كه‌ى له‌ناو لیستى ئه‌و وڵاتانه‌ى هاوكاریان گه‌یاندوه‌ته‌ به‌یروت، سوپاى لوبنان به‌یاننامه‌یه‌كى ده‌ركرد و ناوى عیراقیشى له‌ لیسته‌كه‌دا دانا.
له‌ چه‌ند رۆژى رابردودا سوپاى لوبنان ناوى سه‌رجه‌م ئه‌و وڵاتانه‌ى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ هاوكارییان پێشكه‌شى وڵاته‌كه‌ى كردوه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانى ته‌قینه‌وه‌كه‌ى به‌نده‌ری به‌یروت، به‌ڵام ناوى عیراق له‌ناو لیسته‌كه‌دا نه‌بو، ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌ى هاووڵاتیان و باڵیۆزخانه‌ی عیراقی له‌ لوبنان لێكه‌وته‌وه‌.
لاى خۆیه‌وه‌ سوپاى لوبنان ده‌ستبه‌جێ به‌یاننامه‌یه‌كى دیكه‌ی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ ناوى ئه‌و وڵاتانه‌ى تێدایه‌ هاریكارییان گه‌یاندوه‌ته‌ وڵاته‌كه‌یان و ناوى عیراقیش بۆ لیسته‌كه‌ زیاد كراوه‌.
سه‌باره‌ت به‌ ناونه‌هێنانى عیراق له‌سه‌ره‌تادا، باڵیۆزخانه‌ى عیراق له‌ لوبنان له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندبو، جێى داخه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى عیراق له‌و وڵاتانه‌ بو، كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هاوكارى گه‌یانده‌ لوبنان، به‌ڵام ناوی نه‌هێنراوه‌.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی باڵیۆزخانه‌كه‌، هاریكارییه‌كانی عیراق بریتیبوه‌ له‌: 20 تۆن ماده‌ى پزیشكى و تیمێكى پزیشكیى تایبه‌تمه‌ند، كاروانێكی سوته‌مه‌نی، كه‌ 42 تانكه‌ر بوه‌.
به‌هۆى ته‌قینه‌وه‌كه‌ى به‌نده‌ری به‌یروتى پایته‌ختى لوبنان، تائێستا گیانله‌ده‌ستدانی 158 كه‌س یه‌كلایی بۆته‌وه‌ و زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار كه‌سیش برینداربون، هه‌روه‌ها ده‌یان كه‌سیش بێسه‌روشوێنن، زیانێكى ئابورى زۆریش به‌ر ئه‌و شاره‌ و وڵاته‌كه‌ كه‌وتوه‌.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group