نزیكەی 4 هەزار و 300 كەسی دیكە لە عیراق توشی كۆرۆنا بوون

15/08/2020 عێراق

نەوا
وەزارەتی تەندروستیی عێراق توشبونی نزیكەی 4 هەزار و 300 كەسی دیكەی بە ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا راگەیاند، كە زۆرینەیان لە بەغدای‌ پایتەختن، ئەندامێكی شانەی قەیرانەكانی پەرلەمانی عێراقیش هۆشداری دەداتە حكومەت.
ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماری 24 كاتژمێری رابردووی بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوكردەوە، رایگەیاند، لەو ماوەیەدا 4 هەزار و 293 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بوون و هەروەها 76 توشبو گیانیان لە دەست داوە، لە بەرانبەردا 2 هەزار و 571 توشبوی‌ ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەكانی وەزارەتی‌ تەندروستی‌، لە تەواوی عێراق تا ئێستا 172 هەزار و 583 كەس توشی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا‌ بوون، كە 122 هەزار و 700-یان چاكبونەتەوە و 5 هەزار و 785-یشیان گیانیان لەدەستداوە.
لای خۆیەوە عەباس علێوی ئەندامی شانەی قەیرانەكان لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، پلانە كلاسیكییەكانی حكوومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، سەركەوتوو نەبوون.
عەباس علێوی بەهۆی زیادبوونی ژمارەی توشبوان بە پەتای كۆرۆنا، داوای كردووە حكومەتی عێراق بەپەلە پلانی نوێی زانستی بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو پەتایە دابنێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group