سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

15/08/2020

نه‌وا
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی 74ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی رایگەیاند "پارتی و بارزانی بوون بە ڕەمزی داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان. هەر بۆیە پەلاماری دوژمنان پێش هەموو لایەک بۆ سەر پارتییە".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووه‌، "ئەمڕۆ لەکاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە ھەرێمەکەمان و ناوچەکە، گیرۆدەی قەیرانی سەختی تەندروستی و ئابووری بوونەتەوە، باشترین رێکار بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، بەر لە ھەر شتێک یەکڕیزی و تەبایی ناوخۆی کوردستانە".
هیواشی خواستووه‌، گشت لایەکـ، بەرپرسیارانە تواناکانیان یەک بخەن بۆ ئەوەی وەک ھەمیشە، بە سەر کۆسپ وسەختییەکان زاڵ بن و هەموو کێشەکانی دەڤەرەکەش لە ڕێگەی ئاشتی و گفتوگۆوە چارەسەر بکەن.


دەقی راگەیەندراوەکە:

پیروزبایی حەفتاو چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی رێبەری نەتەوەیی و نیشتیمانیمان جەنابی سەرۆک بارزانی لە هەموو کوردستانییەکی تێکۆشەر و دڵسۆز و بە تایبەتی هەموو لایەنگر و ئەندام و سەرکردایەتی پارتی دەکەم.

دامەزراندنی پارتی وەک گەورەترین و سەردەمیانەترین حزبی دیموکرات و جەماوەری، لە فراوانترین پانتایی جوگرافی لە سەرتاسەری کوردستان، وەرچەرخانێک بوو لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا، کە هەمو ئازادیخوازێکی لە ژێر چەتر و ڕێبەرایێتی باوکی نەتەوەییمان بارزانی نەمر کۆکردەوە و رووحی بەرگریکردن و خۆڕاگری لە ناخی هەموو نیشتمانپەروەرێکدا زیندوو کردەوە.

بە درێژایی مێژووی پڕ سەروەریی ڕووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ستەم و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی گەلەکەمان، پارتی خاوەنی سەدان داستان و سەرکەوتنە و چەندین دەستکەوتی مێژوویی بۆ گەلی کوردستان بەدەستهێناوە و قەڵایەکی پۆڵایین بووە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان لە هەموو پارچەکاندا و هەموو ئازادیخوازێک لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

پارتی و بارزانی بوون بە ڕەمزی داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان. هەر بۆیەش پەلاماری دوژمنان پێش هەموو لایەک بۆ سەر پارتییە. بڕوای نەگۆڕی پارتی لە خەباتی بەردەوام و خۆنەچەماندن، وایکرد لەگەڵ لایەن و پارتە تێکوشەرەکانی دیکە، کیانی کوردستانی بێتە سەر نەخشەی سیاسەتی جیهانی.

سەرۆک بارزانی وەک ڕابەرێکی نیشتیمانی، چ لە بەرەکانی شەڕ دژی دوژمنان و تیرۆریستان و چ لە سەر ئاستی دیپلۆماسیی جیهانی، ئیرادەی گەلی کوردستانی سەرخست و پێکەوەژیانی گەلانی لە کوردستان زیاتر بەرجەستە کرد و ئومێد و بڕوا بەخۆبوونی گەلەکەمانی بە مافە ڕەواکانی زیندوو کردەوە.

ئەمڕۆ لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە کە ھەرێمەکەمان و ناوچەکە، گیرۆدەی قەیرانی سەختی تەندروستی و ئابووری بووەتەوە، باشترین ڕێکار بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، بەر لە ھەر شتێک یەکڕیزی و تەبایی ناوخۆی کوردستانە، هیوادارم گشت لایەکـ، بەرپرسیارانە تواناکانمان یەک بخەین بۆ ئەوەی وەک ھەمیشە، بە سەر کۆسپ وسەختییەکان زاڵ بین و هەموو کێشەکانی دەڤەرەکەش لە ڕێگەی ئاشتی و گفتوگۆوە چارەسەر بکەین.

لەم بۆنەیەدا بە تایبەتی پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و كەسوکاری ئەنفالکراوان و کیمباران و زیندانییانی سیاسیی گەلەکەمان دەکەم.

ئەم یادە پیروزە پایەدار بێت و هیوای تەمەندرێژی بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی دەخوازم و ئومێدەوارم لە ژێر ڕێبەرایەتی ئەودا، گەلەکەمان بە هەموو ئاواتەکانی بگات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group