ئاگربەستەكەی نێوان ئیسرائیل و حەماس شكێنرا

16/09/2020 جیهان

نەوا
لە كەرتی غەززەی فەلەستینەوە ئەو ئاگربەستەی نێوان حەماس و ئیسرائیل شكێنرا، كە لە چەند رۆژی رابردوودا راگەیەندرا.
دوای واژۆكردنی رێككەوتنەكەی نێوان ئیسرائیل، بەحرەین و ئیمارات لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا، لە كەرتی غەززەوە دوو موشەك ئاراستەی ئیسرائیل كران، سوپای ئیسرائیلیش وەڵامی ئەو هێرشەی دایەوە.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی ئیسرائیل، لە هێرشە موشەكییەكەی سەر ئەو وڵاتە دوو كەس بە شووشەی شكاو بریندار بوون.
لەوبارەیەوە سوپای ئیسرائیل لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، بڵاوی كردەوە، بە فڕۆكەی جەنگیی 10 خاڵی حەماسیان بۆردومان كردووە، كە كارگەیەكی بەرهەمهێنانی تەقەمەنی و دروستكردنی پێداویستی جەنگی و بارەگایەكی تاقیكردنەوەی مووشەكییان لەنێودایە.
ئەمە لەكاتێكدا لە چەند رۆژی رابردوودا هەریەك لە ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس، بە نێوەندگیریی قەتەر، بڕیاری ئاگربەستیان دا و لە بەرانبەردا گەمارۆی سەر كەرتی غەززە سوكتر بكرێت، تەنانەت ئیسرائیل ئامادە بوو پێش وەزری زستان سوتەمەنی و پێداویستی بۆ غەززە بنێرێت.
بنیامین ناتانیاهو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی هێرشە موشەكییەكانی كەرتی غەززە بۆسەر وڵاتەكەی، لە راگەیەندراوێكیدا، كە لە ئەمریكاوە بڵاویكردەوە، دەڵێت، ئامانج لەو هێرشانە پەكخستنی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداوە و دەیانەوێت بەربەست لەبەردەم ئاشتی دابنێن، بەڵام ناتوانن ئەو كارە بكەن. 
راشیگەیاندووە "هەر كەسێك بیەوێت ئازارمان پێبگەێنێت لێیدەدەین، دەستی ئاشتیشمان بۆ هەموو كەسێك درێژ دەكەین، كە ئاشتی بوێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group