"دەبێت وەكو قەوارەیەكی فیدڕاڵی مامەڵە لەگەڵ هەرێم بكرێت"

29/09/2020

نه‌وا
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عیراق ڕایگەیاند، پێویستە وەكو قەوارەیەكی فیدڕاڵی و دەستووری مامەڵە لە گەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت.

 بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە 2020/9/29 مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێشوازی لە فائق زێدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عیراق كردووە و لە دیدارەكەدا گفتوگۆ دەربارەی گرنگیی بەهێزكردنی ڕۆڵی بێلایەنانەی سیستەمی دادوەری لە عیراق و هەماهەنگیی لە گەڵ دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی كوردستان كراوە.
لای خۆیه‌وه‌ سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عیراق جه‌ختیكردۆته‌وه‌، پێویستە دامودەزگاكانی حكومەتی فیدڕاڵی، ڕێز لە تایبەتمەندیی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا بگرن بە تایبەتی لە بواری دادوەریدا.
ناوبراو وتیشی: "دەبێ دەستووری عیراق بنەما بێت بۆ چارەسەركردن و یەكلاكردنەوەی كێشە و ناكۆكییەكان".
هاوكات سەرۆك وەزیرانی هەرێم سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، پێویستە دەسەڵاتی دادوەری لە عیراق، بێلایەنانە ڕۆڵی كاریگەر و گرنگی خۆی بگێرێت لە چارەسەركردنی كێشەكان و ڕێگریكردن لە پێشێلكردنی دەستوور.
مەسرور بارزانی وتیشی، "پێویستە وەكو قەوارەیەكی فیدڕاڵی و دەستووری، مامەڵە لە گەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group