ئۆپەراسیۆنی حكومەتی عیراق بۆ كۆكردنەوەی چەكی نایاسایی

28/10/2020

نەوا-ئەنادۆڵ
حكومەتی عیراق تا ئەمڕۆ بەمەبەستی كۆكردنەوەی چەك لەدەست دەوڵەتدا، چەندین بڕیاری پەیوەندیداری بەم پرسەی دەركردووە و هەنگاوی پێداگری ناوە بۆ ئەوەی دۆخەكە كۆنترۆڵ بكات، بەڵام سەرەڕای گرتنبەری چەندین رێكاری پێویست، نەتوانراوە ئەم دیاردەیە لەناو ببرێت و تا ئێستاش لە بازاڕەكانی عیراق بە ئاشكرای مامەڵە بە چەندین جۆری چەكەوە دەكرێت.

دیاردەی كڕین و فڕۆشتنی چەكی بێ مۆڵەت و نایاسایی لە عیراق گەیشتووەتە ئاستێكی ئێجگار مەترسیدار و بازرگانیكردن بە چەك زۆر بەئاسانی لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ئەنجام دەدرێت، هاوكات بوونی چەندین بازاڕی فرۆشتنی چەكی بێ مۆڵەت لە سەرجەم شارەكانی عیراق شتێكی شاراوە نییە بە جۆرێك كە لەم بازاڕانەدا، هەر جۆرە چەكێكت بوێت دەستدەكەوێت و سەرجەم دووكانەكانی فرۆشتنی چەك لەو شوێنانەش بێ مۆڵەتی یاسایین.

تا ئێستا لەناوخۆی عیراق ئامارێكی فەرمی تەواو لەبارەی ژمارەی بڵاوبوونەوەی دیاردەی هەڵگرتنی چەكی سووك و مامناوەند و ژمارەی چەكەكان لە ئارادا نییە، بەڵام دیاردەی بوونی چەكی نایاسایی و بێ مۆڵەت شتێكی نوێ نییە و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ پێش ئێستا، بە تایبەتی لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن ژمارەیەكی زۆری چەكی سوپای ئەو كاتە كەوتە دەست هاووڵاتییان و كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی سوپا و پۆلیس كەوتە بازاڕی رەشەوە، هەر لە قۆناغێكی دیكەدا دوای ئەوەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی 2014دا شاری مووسڵی كۆنترۆڵ كرد، دەستی بەسەر ژمارەیەكی ئێجگار زۆر پارچە چەك و تەقەمەنی حكومەتی عیراقدا گرت و جارێكی دیكە چەك لەژێر دەسەڵاتی سوپا دەرچوو و كەوتە ژێردەستی رێكخراوە تیرۆریستییەكان، تەنانەت هاووڵاتییانی ئاساییش.

عیراق لە پاڵ یەمەن، سووریا، لیبیا و سۆماڵ یەكێكە لەو وڵاتانەی كە زۆرترین دیاردەی هەڵگرتنی چەكی نایاسایی و بێ مۆڵەت لەنێو هاووڵاتییانیدا دەبینرێت، بە جۆرێك كە حكومەتی عیراق پێشبینی دەكات حەوت ملیۆن پارچە چەك تەنها لە دەست هۆزەكاندا هەبن.

 



لە چەندین ساڵی رابردوودا لەگەڵ لاوازبوونی دۆخی ئەمنی، سەرهەڵدانی دیاردەی كوشتن بەهۆی جیاوازی مەزهەبی، زۆربوونی تاوانەكانی كوشتن، رفاندن و دزیكردن لە عیراق، هاووڵاتییان ناچار بوون بەمەبەستی خۆپارستن رووبكەنە كڕینی چەكی بێ مۆڵەت و نایاسایی لە بازاڕەكان كە بوونەتە ناوەندێكی گەورەی دەستەبەركردنی چەكی سووك و قورس. لە پاڵ ئەمەش هاتنی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش و داگیركردنی بەشێكی ناوچەكان دۆخی ئەمنی لە عیراق لاوازتر كرد و بووە پاڵنەرێكی كاریگەر بۆ ئەوەی هاووڵاتییان مامەڵە بە چەكی بێ مۆڵەتەوە بكەن. هەموو ئەم هۆكارانە وایكرد كە ئەم دیاردەیە روو لە زیادبوون بكات و بەشێوەیەكی نەرێنی كاربكاتە سەر ژیانی خەڵكی مەدەنی و لەكەداركردنی شكۆی دەوڵەت و ئاشتی كۆمەڵایەتی لە عیراق.

هەرچەند هیچ ئامارێكی فەرمی لەبارەی قوربانییانی چەكی نایاسایی لە عیراقدا بوونی نییە، بەڵام پێشبینی دەكرێت لە دوای ساڵی 2003وە، هەزاران هاووڵاتی لە سەرجەم چینەكانی كۆمەڵگا بووبن بە قوربانی ئەم دیاردەیە، هاوكات بوونی هەموو جۆرە چەكێكی سووك و قورس بە دەست هۆزەكان دۆخەكەی قورستر كردووە و هەندێكجار بەهۆی دروستبوونی ناكۆكی و شەڕ و پێكدادان لەنێوان هۆزەكاندا، كوژرا و برینداری زۆر كەوتووەتەوە، تەنانەت هێزەكانی ئەمنیش نەیانتوانیوە دۆخەكە كۆنترۆڵ بكەن.

لە ماوەی رابردوودا بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی دۆخی ئەمنی و گەڕاندنەوەی شكۆی دەوڵەت و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان، سەرۆكوەزیرانی عیراق، مستەفا كازمی لە چوارچێوەی بەڵێنەكانی كابینەی حكومەتەكەی پەیوەندیدار بە كۆكردنەوەی چەكی نایاسایی و بێ مۆڵەت، فەرمانی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی لە چەند شارێك بە تایبەتی لە هەردوو شاری بەغدای پایتەخت و بەسرە دەركرد.

لە چواری ئەیلوول واتا دوو رۆژ لەدوای لێدوانەكانی مستەفا كازمی لەبارەی پلانەكانی حكومەت بۆ چەسپاندنی قەڵەمڕەویی دەوڵەت و رێزگرتن لە یاسا، فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكان ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی لەو دوو شارە (بەغدا و بەسرە) دەستپێكرد بەمەبەستی دەستگیركردنی داواكراوان و كۆنترۆڵكردنی چەكی لەدەستدەرچوو.

لەبارەی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنییەكان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، یەحیا رەسول رایگەیاند كە هێزە ئەمنییەكان دەستیان گرتووە بەسەر چەندین جۆری چەك لە بی كەی سی، كلاشینكۆف، دەمانچە، بۆمبی دەستی، ئامێری پەیوەندیكردن و مەخزەنی تفەنگ.

 


بەپێی ئەو راپۆرتەی كە لە ساڵی 2019 لەلایەن دەزگای "لێكۆڵینەوە لە چەكی سووك" كە ناوەندەكەی لە سویسرایە بڵاوكراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو كە ژمارەی ئەو چەكە بێ مۆڵەت و مۆڵەتدارانەی لەدەست هاووڵاتییانی عیراقدایە، گەیشتووەتە حەوت ملیۆن و 580 هەزار پارچە چەك، هاوكات ئاماژە بەوەشكراوە كە 20 پارچە چەك لە دەست هەر 100 كەسێكدایە و بەمەش عیراق لەمبارەیەوە گەیشتووەتە ریزبەندی هەشتەم لەسەر ئاستی جیهان .

لەلایەكی دیكەشەوە بەپێی ئامارەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان زیاتر لە یەك ملیۆن چەكی بێ مۆڵەت لە دەست خەڵكدایە، ئەوەی تا ئێستاش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی كۆكردنەوەی چەك دەستیان بەسەرداگرتووە كەمترە لە 250 هەزار پارچە چەك.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بڵاوكراوەتەوە تەنها لە گەڕەكەكانی شەعب، حوڕییە، بەلەدیات و كیفاح-ی شاری بەغدا زیاتر لە 25 هەزار چەكی سووك و مامناوەند كە زۆربەیان كلاشینكۆفن، دەستیان بەسەردا گیراوە، هاوكات لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكاندا، 50 هەزار پارچە چەك لە بەسڕە، 42 هەزار پارچە چەك لە زیقار، 36 هەزار پارچە چەك لە میسان و لە دیوانییە 27 هەزار پارچە چەك دەستی بەسەردا گیراوە.

سەرەڕای بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای عیراق بەمەبەستی كۆكردنەوەی چەك، بەپێی ئەو ئامارانەی كە بە شێوەیەكی فەرمی و نافەرمی لەبارەی ژمارەی چەكە دەستبەسەرداگیراوەكان و ئەو چەكانەی كە تا ئێستا لە دەستی خەڵكدان بڵاوكراونەتەوە، پێدەچێت حكومەت تا ئێستا نەیتوانی بێت بەسەر ئەم دیاردەیە زاڵ بێت، ئەمەش لەوانەیە هۆكارەكەی بگەڕێتەوە بۆ لاوازی قەڵەمڕەوی حكومەت لە بەشێكی ناوچەكانی عیراق.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group