وەزارەتی كارەبا لە بارەی كەمبوونەوەی پێدانی كارەبای نیشتمانی روونكردنەوە دەدات

20/06/2021

نەوا-
وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆكاری كەمبوونەوەی كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتمانی ڕوونكردەوە و ڕایگەیاند، لە وێستگەی خورمەڵە كێشەی گازیان بۆ دروستبووە و دوو وێستگەی گازی هەولێریش لەكاركەوتوون.
لە ڕاگەیەندراوێكدا وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم باسی لەوەكردووە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، بەهۆی دابەزینی پەستانی گاز لە وێستگەی گازی خورمەڵە و لەكاركەوتنی دوو وێستگەی دیكەی گازی لە هەولێر بەهۆی كێشەی تەكنیكییەوە، بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا بە (400) مێگاوات لە (3400) بۆ (3000) مێگاوات نزمبووەوە.
وەزارەتی كارەبا هۆكارێكی دیكەی بۆ زیاتربوونی خواست لەسەر كارەبا گەڕاندەوە و ڕایگەیاند لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما خواست لەسەر كارەبا بەبڕی 600 مێگاوات زیادیكردووە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، لەسەرەتای مانگی حوزەیرانەوە خواست لەسەر كارەبا 3800 مێگاوات بوو، بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما خواست لەسەر كارەبا بۆ 4400 مێگاوات بەرزبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی كارەبا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كێشە تەكنیكییەكانی وێستەگەكانی لە كاركەوتوو چارەسەر دەكرێن و بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا دەگاتە ئاستی جاران.
وەزارەتی كارەبا داوا لە هاوڵاتییان دەكات بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنەڕووی كارەبا و كەمكردنەوەی بۆشاییەكە بۆ پێدانی كارەبای زیاتر دەست بە بەكارهێنانی كارەباوە بگرن و ئەو ئامێر و گلۆپانەی كە زۆر پێویست نین كەمبكەنەوە، بەتایبەتی ئەو هاوبەشانەی كە پێوەری زیرەكیان نەبەستووە و دەگاتە 52% هاوبەشانی كارەبا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group