هۆشداری دەدرێت لەبارەی کۆچی دانیشتوانی کوردی ناوچە دابڕاوەکان

28/07/2021

نەوا
ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان هۆشداری دەدات لە بارەی دۆخی ناوچە دابڕاوەکان و باس لەوە دەکات لە چوارساڵدا تەنها لە خانەقین و دەوروبەری زیاتر لە چوار هەزار خێزان کۆچیان کردووە.
سالار مەحمود ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: " بەهۆی نەبوونی پرۆژەی نیشتمانی و سەرقاڵی حزبەکان بەململانێی لاوەکیەوە، پرسی ناوچەدابڕاوەکان بەخاک و خەڵکەوە بەتەواوی فەرامۆش کراوە".
ناوبراو باسی لەوەشکردوە، هاوڵاتیانی کورد بە هۆی بێهیوایی لە پارێزگاریکردن لێیان ناوچەکانیان بۆ عەرەبەکان جێهێشتووە و هەر لەو بارەوە ئاماژەی بەوەداوە، کە تەنها لە لە سنوری قەزای خانەقین بە ناحیەکانی جەلەولا و سەعدیە و جەبارە و قەرەتەپە و گوندەکانەوە چوار هەزار و 230 خێزانی کورد بەرەو هەرێم باریان کردوە" و لە سنوری ناوەندی قەزای خانەقینیش 36 گوند چۆڵ کراون".
ئەو ئەندامەی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان داوادەکات هەڵوەستەی جدی لەسەر ئەو پرسە بکرێت و پێشنیازیشی کردووە کۆنگرەیەکی نیشتمانی سەبارەت بە پرسی ناوچە دابڕاوەکان ببەسترێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group