ئاسایشی هەولێر: گومانلێکراوی کوشتنی سەرکردەکەی حزبی دیموکرات گەڕاوەتەوە بۆ ئێران

15/08/2021

نەوا
ئاسایشی هەولێر رایگەیاند: گومانلێکراوی سەرەکی دۆسیەی کوشتنی سەرکردەیەکی حزبی دیموکراتی کوردستان، دوای تاوانەکە هەڵاتووە و گەڕاوەتەوە بۆ ئێران.

بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر راگەیاندراوێکی سەبارەت بە رووداوی کوشتنی موسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) کە پارتێکی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندراوەکەی ئاسایشی هەولێر هاتووە: لە رێکەوتی 7ی ئابی 2021 لە شاری هەولێر تاوانی کوشتنی موسا باباخانی، کە خەڵکی کرماشانی کوردستانی ئێرانە لە یەکێک لە هۆتەلەکان راگەیەنرا، پاش لێکۆڵینەوە لە ژمارەی گومانلێکراو و کۆکردنەوەی زانیاری پێویست لەسەر ئەم تاوانە، دەرکەوت کەوا گومانلێکراوی سەرەکی کەسێکە بە ناوی (سەرمەد داود عبد علی) ناسراو بە سامان ئیلامی.
ئەوەشخراوەتەڕوو، گومانلێکراوەکە ماوەی زیاتر لە ساڵێک بووە کە لە هۆتێل گوڵی سلێمانی لە شاری هەولێر نیشتەجێ بووە و پەیوەندی گەرمی لە گەڵ موسا باباخانیدا هەبووە و رۆژی 5ی ئاب چووە بۆ گوندی گردەچاڵی سەر بە بەحرکە و لەگەڵ تاوانلێکراوەکەدا چوون بۆ هەولێر و روویان کردوەتە ئەو هۆتێلەی گومانلێکراوەکە تیایدا نیشتەجێ بووە.
باس لەوەشکراوە، کە کاتژمێر 3ی بەرەبەیانی رۆژی شەشی ئاب گومانلێکراوەکە بە تەنها لە هۆتێلەکە دەچێتە دەرەوە و دواتر بەرەو خانەقین دەچێت و لەوێشەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئێران.
ئاسایشی هەولێر راشیگەیاندوە، فەرمانی گرتن بۆ گومانلێکراوی ئەو دۆسیە دەرچووە و بەدواداچوون بەردەوامە بەمەبەستی دەستگیرکردنی و لێکۆڵینەوەش لەرووداوەکە بەردەوام دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group