وەزیری پلاندانان لە بارەی دامەزراندنەوە روونکردنەوە دەدات

14/09/2021

نەوا
وەزیری پلاندانانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند "زۆر زەحمەتە لەم دۆخەدا کە ئێستا ھەمانە بتوانین کەس دابمەزرێنین، بەڵام ئەگەر دۆخی دارایی باش بێت لە ساڵی 2022 بەدڵنیایییەوە ھەندێک چین دادەمەزرێنرێن".
دارا رەشید مەحمود وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە پلانی حکومەت بۆ دامەزراندن رایگەیاند " زۆر زەحمەتە لەم دۆخەدا کە ئێستا هەمانە، ئێستا بەزۆر توانیومانە مووچەی ئەو مووچەخۆرانە دابین بکەین کە هەیە".
وتیشی: ئەگەر دۆخی دارایی باشبێت لە ساڵی 2022 بەدڵنیایییەوە دامەزراندنی سێ یەکەمەکان، دامەزراندنی ئەوانەی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان هەیە، لەگەڵ دامەزراندنی پزیشکان و زۆرینەی سێکتەرەکانی دیکە بۆ نموونە مامۆستایانی گرێبەست و وانەبێژ دەبێت، ئەمانە هەمووی کێشەی راستەقینەی ئێمەن، بەڵام دۆخە داراییەکە لەم کاتەدا رێگای ئەوەمان پێ نادات".
دارا رەشید مەحمود دەربارەی ئەوەی پلانی وەزارەتەکەی چییە بۆ رەخساندنی هەلی کار وتی: "ئێستا ئەگەر حکوومەت دۆخی داراییشی باش بێت ناتوانێت ئەو ریزبەستنەی لە ساڵی 2014ەوە دروست بووە دایانمەزرێنیت، بۆیە پلانی جێگرەوە ئەوەیە کەرتی تایبەت کارا بکرێت و دامەزراندن لە کەرتی تایبەت وەک کەرتی گشتی بێت، دەبێت بە یاسا وا لە خەڵک بکەین کە رووەو کەرتی تایبەت بڕوات و هەموو ئەو مافانەی لە کەرتی گشتی هەیەتی لە کەرتی تایبەتیش هەیبێت، بۆ نموونە خانەنشینی، مۆڵەت و مافەکانی دیکەی فەرمانبەر لە هەردوو کەرتەکەدا وەک یەک بن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group