فەرەنسا نیگەرانە لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ ئوستراڵیا بۆ دروستكردنی ژێر دەریایی

16/09/2021 جیهان

نەوا-
دوای ئەوەی بە پێی رێككەوتنی لەگەڵ بەریتانیا و ئەمریكا توانی ببێتە خاوەنی ژێر دەریایی ئەتۆمی، ئوستراڵیا گرێبەستێكی پێشووی خۆی لەگەڵ پاریس بۆ دروستكردنی ژێر دەریایی هەڵوەشاندەوە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا نیگەرانی خۆی لەو هەنگاوە دەربڕی و بە لێدانی خەجەر لە پشتەوە ناویبرد.
ژان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كرێنی 12 ژێردەریاییەكە لە لایەن ئوستراڵیاوە، وەك ئەوە وایە لە پشتەوە خەنجەرمان بەركەوتبێت، ئەمە لە كاری هاوپەیمانێك ناچێت و پێویستە لەو بارەوە رونكردنەوەیان پێبدرێت.
باسی لەوەشكرد، ئەو جۆرە كردەوانە لە هەنگاوەكانی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا دەچن.
بەپێی رێككەوتنی ساڵی 2016ی نێوانیان بڕیاربوو فەرەنسا 12 ژێردەریایی بە تێچووی 56 ملیار یۆرۆ بۆ ئوستراڵیا دروست بكات و بەرپرسانی فەرەنسی ئەو رێككەوتنەیان بە "گرێبەستی سەدە" ناوبردبوو.
دوای ئەوەی لە چوارچێوەی هەوڵەكانیان بۆ رێگری لە زیاتربوونی دەسەڵاتی چین لە زەریاكانی ئارام و هیندی هەر یەك لە ئەمریكا، بەریتانیا و ئوستراڵیا رێككەوتنی ئاكوسیان واژۆكرد، رێگە بە حكومەتی ئوستراڵی درا ببێتە خاوەنی ئەو جۆرە ژێر  دەریاییانەی بە وزەی ئەتۆم كاردەكەن، ئەوەش وایكرد، ئەو وڵاتە گرێبەستەكەی پێشووی لە گەڵ فەرەنسا هەڵبوەشێنێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group