پۆستێكی باڵا لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی درا بە كوردێك

21/09/2021 عێراق

نەوا-
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشكرای كرد، پۆستی جێگری سەرۆكی كۆنگرەی گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دراوە بە عێراق و ئەو كەسەش كە دیاری كراوە كوردە.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كردووە، عێراق وەك جێگری سەرۆكی كۆنگرەی گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هەڵبژێردراوە.
رونیشیكردووەتەوە، ئەوەش لە خولی 65ی ئاژانسەكە كە لە ڤییەنا بە ئامادەبوونی نێودەوڵەتی بە شێوەی ئامادەبوون و ئەلكترۆنی بەڕێوە دەچێت و لەسەر ئاستێكی باڵا بەشداری تێدا دەكرێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئەو دەستكەوتە بەهۆی ئەوەوەیە كە عێراق گەڕاوەتەوە پێگەی گونجاوی خۆی لە كۆنگرە و بۆنە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەكاندا.
كەسی دیاری كراو بۆ پۆستەكە كوردێكە بە ناوی بەكر فەتاح كە بە میدیاكانی نزیك لە پارتی وتووە، ئەمڕۆ سێشەممە كۆنگرەی ئاژانسەكە كۆدەبێتەوە و سەرۆكایەتیكردنی كۆبونەوەكەش بە من سپێردراوە كە بۆ ماوەی ساڵێك لە پشكی عێراق ئەو پۆستەم وەرگرتووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group