وتەبێژی پارتی: تێڕوانینی رەوتی سەدر لە تێڕوانینی ئێمەوە نزیكە و لێكتێگەیشتنمان هەیە

21/09/2021

نەوا-
وتەبێژی پارتیی دیموكراتیی كوردستان رایگەیاند، كە لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ رەوتی سەدر هەیە و جەختیشی كردەوە، كە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار پەیوەستە بە لێكتێگەیشتنی نێوان لایەنە كوردستانیەكان لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتیی دیموكراتیی كوردستان سەبارەت بە تێڕوانی حیزبەكەی بۆ دوای هەڵبژاردن رایگەیاند: شاندیان چووەتە بەغدا لەسەر ئایندەی عێراق قسەیان لەگەڵ زۆرینەی هێز و لایەنە سیاسییەكان كردووە و لەگەڵ كێ خاڵی هاوبەشیان زیاتربووبێت زیاتر نزیكبوونەتەوە لێیان.
 وتەبێژی پارتیی دیموكراتیی كوردستان باسی لەوەشكرد: "لە راستیدا هەستمان كرد كە ئەو تێڕوانینەی رەوتی سەدری هەیەتی زۆر نزیكە لەوەی لە كوردستانەوە باس دەكرێت. یان ئەوەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان باسی دەكات. بەڵام هیچ رێككەوتنێكمان لەگەڵ رەوتی سەدر نەكردووە، تەنها لێكتێگەیشتنێك هەیە و هێشتراوەتەوە بۆ دوای هەڵبژاردن. زۆر حیزبی دیكەش لێكتێگەیشتنی وادەكەن بۆ دوای هەڵبژاردن و بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئێمەش هەر ئەوەمان كردووە".
 سەبارەت بە پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار كە لە دوای 2005وە پشكی كورد بووە و لای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، مەحمود محەمەد، وتی: "ئەوە دەمێنێتەوە بۆ دۆخی سیاسیی و ئەو لێكتێگەیشتنانەی كە لەناو كوردستاندا دروست دەبێت لە دوای هەڵبژاردن". 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group