"بەرگریكاری سەرسەختی مافەكانی ئافرەتان دەبین"

25/11/2021

لیژنەی داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەت لە پەرلەمانی كوردستان  بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، پەیامێكی بڵاوكردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:-

پەیامی لیژنەی داكۆكیكردن لەمافی ئافرەت لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان، ٢٥ی نۆڤێمبەر، كە هاوكاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەڵمەتی ۱٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەت لە سەرتاسەری جیهان، كە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكان (UN)  بریاری لەسەر دراوە و ساڵانە وڵاتانی جیهان بە چەندین پڕۆژە و چالاكیی جۆراوجۆر ڕووبەڕووی تاوانەكانی توندوتیژی دژ بە ژنان دەبنەوە و پەیامی (جیهان پرتەقاڵی دەكەین)، بە گوێی مرۆڤایەتیدا دەچرپێنن، وەك هێمایەك بۆ بنیاتنانی جیهانێكی خالی لە توندوتیژی و پڕ لە ئاشتی و خۆشەویستی.
لەم بۆنە گرنگەدا، لیژنەی داكۆكیكردن لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی كوردستان، بەڵێن دووپات دەكەینەوە بۆ ئافرەتانی هەرێمی كوردستان، كە بەردەوام بەدواداچوون بكەین بۆ جێبەجێكردنی یاسا بەركارەكانی تایبەت بە مافەكانی ژنان و پارێزگاری لێكردنیان لە هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی پرۆسەی یاساكاریشەوە هەر بابەتێكی تایبەت بە مافەكانی ئافرەتان پێویستیی بە دەرچوواندنی یاسای نوێ یان هەموار و هەڵوەشاندنەوەی یاسایەكی بەركار بێت، ئەوا بە دڵنییایەوە ئەنجامی دەدەین، بە تایبەتی ئەو یاسایانەی هەناسەی جیاكاریی ڕەگەزییان تێدا بەدی بكرێت، لێرەوە ڕایدەگەیەنین بە هەموو توانایەكمانەوە دژی توندتیژی بەرامبەر بە ئافرەت و خێزان دەوەستینەوە و بەرگریكاری سەرسەختی مافەكانی ئافرەتان دەبین.
لەو چوارچێوەیەشدا، پەرلەمانی كوردستان لە دانشتنی ژمارە (٧)ی ئاسایی خولی پایزەی ساڵی سێیەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان، لە ڕێكەوتی ٢٠٢١/١٠/٢٣، بە پاڵپشتیی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ (پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەت) كرد، هەوڵ دەدەین لە ماوەیەكی كورتدا بە هەماهەنگیی گشت لایەنە پەیوەندیدارەكان گفتوگۆی چڕوپڕِی لەبارەوە بكەین، بە ئومێدی ئەوەی لەم خولەی پەرلەمان پەسەند بكرێت، تاوەكو چارەسەری زۆرێك لەو كێشانە بكات كە پێشتر ببوونە ڕێگر لەبەردەم جێبەجێكردنی هەندێ لە ماددە و بڕگەكانی (یاسای ژمارە ۸ی ساڵی ۲٠۱۱، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزان)، كە ۱٠ ساڵ خزمەتی بەم پرسە كردووە.
لەم ڕۆژە پیرۆزەدا با هەموومان بەیەكەوە جیهان پرتەقالی بكەین و هەنگاوەكانمان بۆ جیهانێكی پڕ لە ئاشتی و خۆشەویستی و بێ توندوتیژی بێت.

لیژنەی داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەت لە پەرلەمانی كوردستان
٢٠٢١/١١/٢٥

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group