وەزارەتی پەروەردە بڕیاری بۆ ئەو قوتابیانە دەركرد كە كۆچیانكردوە

28/11/2021

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی تایبەتی لەبەرژەوەندی ئەو خوێندكارو قوتابیانە دەركرد كە لەگەڵ خانەوادەكانیان كۆچیانكردوەو ئێستا گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان.
بەپێی فەرمانێكی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە كۆپیەكی دەست رادیۆی نەوا كەوتوەو واژۆی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی لەسەرە، تیایدا هاتوە، لەبەر بەرژەوەندی گشتی قوتابیان و خوێندكاران و بارودۆخی ئەوانەی لەگەڵ خێزانەكانیان چونەتە دەرەوەی وڵات و كۆچیانكردوەو ئێستا گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان، وەك كارئاسانی بۆیان بڕیاریانداوە ئەو قوتابیانە لەهەر قۆناغێك بن بە بنەڕەتی و ئامادەیی بەهەردوو بەشەكانیەوە ئەوەی ئارەزوی گەڕاندنەوەی هەیە بۆ خوێندن ماوەی دابڕانی لە خوێندن بە نەهاتوو بۆ هەژمار نەكرێت و بگەڕێتەوە ناوەندەكانی خوێندن.
سەبارەت بە هەژماركردنی نمرەكانیشیان، لە فەرمانەكەی وەزیری پەروەردەدا هاتوە، لە رێنماییەكی تایبەتدا بارودۆخی تایبەتی خوێندكارو قوتابیان لەبەرچاودەگیرێت بەمەرجێك پێش تاقیكردنەوەی وەرزی یەكەم پەیوەندی بە قوتابخانەوە بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group