ئەگەری هەیە تۆپێكی ئاڵتونیش بدرێت بە لیڤاندۆڤسكی

01/12/2021 وەرزش

نەوا-
گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ ئاشكرای كرد، بە دوری نازانن تۆپێكی ئاڵتونیش بدەت بە رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی هێرشبەری یانەی بایەرن میونخی ئەڵمانی كە ساڵی 2020 بەهۆی پەتای كۆرۆناوە لەو خەڵاتە بێبەش بوو، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ یانەكەیدا توانی ببێتە خاوەنی 6 نازناو.
دابەش كردنی خەڵاتەكانی باشترینەكانی ساڵی 2021 و بردنەوەی باڵۆندۆر لەلایەن لیۆنێل مێسی ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بەشێك لە هەوادارانی تۆپی پێ پێیان وایە خەڵاتەكە شایستەی لیڤاندۆڤسكی بوو، ئەوەش گومانی لەسەر رۆژنامەی فرانس فوتبۆڵ دروست كردووە كە خەڵاتەكان دابەش دەكات.
لە ئەنجامی ئەو كاردانەوانە پاسكال فێری بەڕێوەبەری گۆڤارەكە بە تۆڕی سكای وتووە، لەوانەیە قەرەبووی لیڤاندۆسكی بكرێتەوە و پێی وایە پێویست بوو بڕیاری بەپەلە نەدەن، دەتوانن بیر لەو كارە بكەنەوە و رێزی مێژووی تۆپی پێ بگرن، كە پشتی بە دەنگدان بەستووە.
پێشتریش لیۆنێل مێسی لەكاتی وەرگرتنی باڵۆندۆر داوای لە بەرپرسانی گۆڤارەكە كرد كە تۆپێكی ئاڵتونیش بدرێت بە لیڤاندۆڤسكی، ئەوەش وەك قەرەبوویەك كە ساڵی 2020 بەهۆی پەتای كۆرۆناوە خەڵاتەكە نەدرا بە كەس، ئەو بیرۆكەیەش لەلایەن گۆڤارەكەوە زیرەكانەیە و قبوڵ كراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group