هۆكاری كەمی غازی ماڵان لە سلێمانی ئاشكرا دەكرێت

26/01/2022

نەوا-
كەریم عەلی سەرۆكی لیژنەی وزەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، هۆكاری كەمی غاز لە پارێزگای سلێمانی بە هۆی كەمی ئەو بڕە غازەوەیە كە دەنێردرێت بۆ پارێزگاكە، ئەوەش لە نیوەی پێداوستی شارەكە كەمترە.
كەریم عەلی لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بە هۆكاری كەمی غاز كردوەو وتویەتی، گرفتی كەمی غازی ماڵان ئەوەیە، ئەو رێژەیەی دابینكراوە بۆ پارێزگای سلێمانی كەمە و ‏لە ئاست پێداویستی هاوڵاتیاندا نییە، بە گشتی رۆژانە نزیكەی 230 تۆن ‏دەبێت، ئەوەش لە كاتێكدایە پێداویستی سنورەكە بە گشتی نزیكەی 500 تۆنە.
لە راگەیەندراوەكەدا باسی لەوەشكردوە، بە نوسراو یەكە ئیدارییەكانی سنورەكە ئاگاداردەكەنەوە كە چاودێریی توندی كارگەكان و ‏وەكیلەكانی غاز بكەن و رێگە بگرن لە قۆرغكردنی ئەو بڕەی دەگات، تاوەكو بگات ‏بەدەستی هاوڵاتیان.
سەبارەت بە دابەشكردنی نەوتی سپی ئاشكرای كرد، ئەمساڵ بڕیاربوو وەزارەتی سامانە ‏سروشتییەكان بۆ هەرماڵێك بەرمیلێك نەوت دابین بكات، بەڵام ئەو بەڵێن و بڕیارە ‏جێبەجێنەكراوە و ‏رێژەیەكی كەم دابەشكراوە، لە ئێستادا نرخەكەی بۆ هەربەرمیلێك بڕی 90 ‏هەزار دینارە و ئەمەش بارگرانییە بەسەر هاوڵاتیانەوە. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group