‏"بۆ پارتی بچێتە سەر خولی داهاتوو پۆستی سەرۆك كۆمار لای عەرەبە"‏

26/01/2022

پەرلەمانتارێكی كوردستان دەڵێت: ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان ‏لەبەغدا شەڕی پۆست بكات، یەكێتیش دەتوانێت لە كوردستان داوای ‏شایستەكانی خۆی بكات، چونكە پۆستەكانی بەغداو هەرێم بەرامبەرن.‏
شیرین یونس ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر فراكسیۆنی یەكێتی بە ‏سایتی فەرمی حزبەكەی وتوە،  یارو نەیاریا شاهیدن كە یەكێتی هەمیشە ‏لەبەشی لەخۆی كردۆتەوەو داوێتی بە لایەنەكانی تر، لە باوەڕی نیشتمانی ‏خۆی لانادات و رێز لەلایەنەكانی تر دەگرێت، بەڵام كاتێك لایەنی بەرامبەر ‏نابەرپرسیارانە ئەو هەستە نیشتمانیەی بەكاربهێنێت ئەوا سنوری بۆ ‏دادەنێن و ناهێڵن ببەزێنێت.‏
لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا شیرین یونس لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمار ‏رایگەیاندوە، پارتی دەستیداوەتە یاریەكی ترسناك ئەویش بچوككردنەوەو ‏بەحزبیكردنی پۆستی سەرۆك كۆماری عیراقە، ئەگەر بۆ پارتی بچێتە سەر ‏ئەوا خولێكی تر لایەنی عەرەب ئەو پۆستەش لە پارتی وەردەگرێتەوە، ‏دواجار شكۆی كورد لەعیراق ژێر پێ دەكەوێت.‏
ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی پێیوایە كە پارتی هەڵەی كردوە لە ‏كاندیدكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە بە وتەی ئەو "پێشتر ‏لەسەر گەندەڵی لەپۆستی حكومەتی عیراق دورخراوەتەوەو متمانەی ‏لێوەرگیراوەتەوەو بەلای عیراقیەكانەوە شایستەی ئەو پۆستە نیە".‏

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group