پەرلەمانتارێك: چاوەڕێی رێكەوتنی یەكێتی و پارتین

27/06/2022

نەوا-
جاسم موسەوی ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەسەر پشكی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، چوارچێوەی هەماهەنگی چاوەڕێی یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمارە بۆ دەستكردن بە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت.
موسەوی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوە كردووە، یەكلایی كردنەوەی بابەتی سەرۆك كۆمار نەخشەی دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو دەكێشێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا گفتوگۆی ئیجابی لە نێوان لایەنە سیاسیەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كە داواكاری و پێداویستیەكانی گەلی عیراقی بەدیبهێنێت دەست پێدەكات.
ئەو پەرلەمانتارە هیواشی وایە، لە ماوەی داهاتوودا لێكتێگەیشتن لە نێوان پارتی و یەكێتیدا هەبێت و ماڵی كوردی بگەنە رێكەوتن لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، چونكە كاریگەری ئیجابی لەسەر پێكهێنانی حكومەت دەبێت.
ماوەی 8 مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق ئەنجام دراوە و تاوەكو ئێستا لایەنەكان نەیانتوانیوە بگەنە رێكەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەت، یەكێك لە بەربەستەكانیش رێكنەكەوتنی یەكێتی و پارتییە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، لەماوەی رابردوشدا بەهۆی چەقەبەستوویی سیاسییەوە فراكسیۆنی سەدر لە پرۆسەی سیاسی كشایەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group