نەوا-
دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێوەدەوڵەتییەكان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، لەگەڵ رێكخراوی خاچی سوری نێوەدەوڵەتی دەچنە رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و ئەشەنجەدان.
زێباری باسی لەوەكرد، دەبێت عیراق و كوردستان یاسایان هەبێت بۆ نەهێشتنی ئەشكەنجەدان، بەڵام بەبێ ئەو یاسایەش هەرێمی كوردستان كاری لەسەر نەهێشتنی ئەشكەنجدان و توندوتیژی كردووە، ئەوەتا لەماوەی دووساڵدا لەلایەن رێكخراوە ناوخۆیی و نێوەدەوڵەتییەكانەوە 85 جار سەردانی زیندانەكانی چاكسازی و ئاسایشیش كراوە، كاریان كردووە بۆ 5 هەزار دۆسیەی توندوتیژی ئێزدی لەلایەن داعشەوە، لەناوخۆی كوردستان 30 دۆسیەی رۆژنامەنووسان لە 6 مانگدا خراونەتە بەردەم دادگا كە لەبەرژەوەندی رۆژنامەنووسان تەواو بوون.
هێمای بۆ ئەوەش كردووە، بۆ رێگری لە بازرگانی مرۆڤ 200 كەس و 36 كۆمپانیا بە یاسای دژایەتی بازرگانی بە مرۆڤەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا كراوە و سزایان بەسەردا سەپێنراوە.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێم وتوشیەتی، تاوەكو ئێستا 300 كەس بەیاسا سزای لەسێدارەدانیان هەیە، سەرەڕای ئەوەی یاسا رێگەی داوە بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2008ەوە ئەو سزایە راگیراوە بۆیە جێبەجێ نەكراون.