رێواز فایەق: ئەگەر لایەنەكان بگەنە رێككەوتن پەرلەمان هاوكاریان دەبێت

06/07/2022

رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ ئەمیر ئاریان بەڕێوەبەری نوسینگەی هاوكاریی هەڵبژاردن لە نێردەی نەتەوەیەكگرتوەكان لە عیراق و ریكاردۆ رۆدریگز بەرپرسی نوسینگەی نەتەوەیەكگرتوەكان لە هەولێر كۆبۆوە.
بەپێی راگەیەنراوێك، هەردوولا دوایین بەرەوپێشچونە سیاسییەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی عیراق و كوردستانیان گفتوگۆ كردوەو ئاڵنگارییەكانی بەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراقیش تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكانیان بوە. 
راشگەیەنراوە، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە چەقبەستویی دۆخەكەو نەگەیشتنی لایەنە سیاسییەكان بە رێككەوتنێكی گونجاو رایگەیاندوە: ئێمە هەر لەسەرەتای پرۆسەكەدا روانگەی راشكاوانەی خۆمان خستۆتەڕوو كە گەیشتن بە رێككەوتن وابەستەی سازان و لێكتێگەیشتنی هەمەلایەنەی نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەكانە لەسەر بنەمای دیالۆگی نیشتمانی و یەكتر قبوڵكرن.
وتوشیەتی: سازشكردن لەسەر هەندێك ماف و دەستپێشخەریی بوێرانە بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن ئەركێكی نیشتمانیە بۆ دەربازكردنی عیراق لەم دۆخە چەقبەستوەی كە تێیكەوتوە لە ناسەقامگیریی سیاسی و ئابوری.
هەروەها لە تەوەرێكی دیكەدا باس لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان و روانگەی حزبە سیاسییەكان كراوەو سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاندوە: ئەگەر لایەنەكان بگەنە رێككەوتن پەرلەمان لەڕووی یاساییەوە هاوكارو هەماهەنگیان دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group